٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فازڵ میرانی پیرۆزبایی ده‌ست به‌كاربوونی له كونسوڵی تازه‌ی ژاپۆن كرد

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسی، پێشوازی لە (ئاراكاوا میكی هیرو) كۆنسوڵی نوێی ژاپۆن لە هەرێمی كوردستان كرد.

وێڕای بەخێرهێنانی میوان، فازڵ میرانی پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی لە كۆنسوڵی تازەی ژاپۆن كرد و هیوای سەركەوتنی لە ئەركەكەیدا بۆ خواست و ئامادەیی پارتی دیموكراتی كوردستانی نیشان دا بۆ هەر هاوكاری و هەماهەنگییەك لە پێناو سەرخستنی كارەكانیان و پەرەپێدانی پەیوەندییەكان.

دواتر سكرتێری مەكتەبی سیاسی خۆشحاڵیی خۆی بۆ كردنەوەی كۆنسوڵخانەی ژاپۆن لە هەرێمی كوردستان دەربڕی و ئاماژەی بە گرنگیی ڕۆڵ و كاریگەرییەكانی ژاپۆن لە رووی پیشەسازی و تەكنۆلۆژیا لە جیهان كرد و گوتی هەردەم خوازیاری بەرقەراریی ئاشتین لە سەرتاسەری جیهان. لە درێژەی قسەكانیدا بەڕێز فازل میرانی، كورتەیەك باسی مێژووی پارتی كرد كە بارزانیی نەمر دامەزرێنەری بووە و لە ساڵی 1946 تا ئێستاش بەردەوامە و پارتێكی پێشڕەوە و ئاماژەی بە گەلی كورد كرد، كە كەوتووەتە شوێنێكی جیۆگرافیی جیاواز لە دەورووبەری خۆی لە رووی دابونەریت و كەلتوور و زمانەوە، بەڵام بە درێژایی میژوو غەد‌ری لێ كراوە و سەرەڕای هەموو ئەو ئێش و ئازارانەش هەردەم هەڵگری پەیامی ئاشتی و ئازادی بووە و لەو پێناوەدا قوربانیی زۆری داوە بۆ گەیشتن بە مافە ڕەواكانی و هەموو كات خوازیاری چارەسەری كێشەكان بووە بە رێگای دیالۆگ و ئاشتیانە و دوور لە توندوتیژی و پارتی هەردەم هەڵگری پەیامی ئاشتی و پێكەوەژیانی برایانە بووە و پێشڕەوی خەباتی مەدەنی و بەرقەراریی دیموكراسی بووە لە ناوچەكەدا.

هەر لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە و دوا پێشهات و پەرەسەندنەكان و هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق و پڕۆسەی سیاسی هەرێم و، لێكەوتەكان و كاریگەرییەكانی پەتای كرۆنا، باس كرا.

كۆنسوڵی نوێی ژاپۆن سوپاسی سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستانی كرد بۆ ئەم پێشوازییە و وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی بەم سەردانە، سەرسامیی خۆی بە ئاسایش و سەقامگیری و پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان لە سەرجەم بوارەكاندا دەربڕی و هەروەها ئامادەیی خۆشی بۆ زیاتر فراوانبوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا، دەربڕی.

 

هەواڵی پەیوەندیدار