٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نێچیرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ شاندێكى سه‌ربازیى هاوپەیمانان كۆبووه‌وه‌

سەرچاوە: KDP.info

پاشنیوەڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2021/7/14 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز جه‌نه‌راڵ ڕیچارد بێڵ، جێگرى فه‌رمانده‌ى هێزه‌كانى هاوپه‌یمانان له‌ عیراق و سووریا و شاندێکى یاوەرى كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا دوایین په‌ره‌سه‌ندنه‌كانى شه‌ڕى تیرۆر و هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسییه‌كانى داعش له‌ عیراق و سووریا، هاریكارى و هه‌ماهه‌نگیى پێشمه‌رگه‌ و سوپاى عیراق و ئه‌ركى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تیى دژى داعش تاوتوێ كران و هەڵسەنگاندنێکى واقعییان بۆ دۆخەکە کرد.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانى سوپاسى پشتگیریى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى بۆ عیراق و هەرێمى کوردستان لە شەڕى دژى داعشدا کرد و ئاماژەى بە گرنگیى ڕاهێنان و مەشقپێکردنى پێشمەرگە لەلایەن هێزەکانى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتییەوە کرد.

لاى خۆیەوە جەنەراڵ بێڵ خۆشحاڵیى خۆى بۆ هاریکارى و هەمەهانگیى هێزەکانیان لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەکان لە عیراق و هەرێمى کوردستان نیشان دا و هەماهەنگى و هاریکاریى نێوان پێشمەگە و سوپاى عیراقیان بۆ بەرەنگاربونەوەى داعش بە پێویست زانى.

هەردوولا لەسەر گرنگی و پێویستیى هاریکارى و هەماهەنگیى عیراق و هەرێمى کوردستان لەگەڵ هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى بۆ بنەبڕکردنى یەکجارەکیى داعش و هاریکارى و هاوبەشى لەپێناو دابینکردنى ئارامى و سەقامگیرى لە عیراق و ناوچەکە، هاوڕا بوون.

هەواڵی پەیوەندیدار