٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شارەزایەکی مێژووی عێراق: شۆڕشی ١٤ی تەمووز خەونی گەلانی عێراقی لەناو برد

سەرچاوە: KDP.info

ئەمڕۆ ٦٣ ساڵ بەسەر ڕووداوەکانی ١٤ی تەمووزی ساڵی ١٩٥٨ی عێراقدا تێ دەپەڕێت و شارەزایەکی مێژووی عێراقیش پێی وایە، لە سەرەداتا گەلانی عێراق ئومێدیان لەسەر شۆڕشی ١٤ی تەمووز ھەڵچنی، بەڵام دواتر ھەموو ھیوا و ئومێدەکانی گەلانی عێراق بوون بە خەون و شەڕ و ماڵوێرانیی لێ کەوتەوە.

ڕۆژی ١٤ی تەمووزی ساڵی ١٩٥٨ عەمید عەبدولکەریم قاسم کۆدەتایەکی بەسەر سیستەمی پاشایەتیدا کرد و دواتر گەلانی عێراق کۆدەتایان کرد بە شۆڕش و کۆتایی بە سیستەمی پاشایەتی ھێنرا و سیستەمی کۆماری لە عێراق ھاتە ئاراوە. بەپێی لێکدانەوەی مێژوونووسان و شایەتحاڵەکانی ڕووداوەکانی ١٤ی تەمووز سیستەمی کۆمارییش نەیتوانی ببێتە جێی ئومێدی عێراقییەکان.

د. شێرزاد زەکەریا، شارەزای مێژووی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بێگومان ڕووداوەکانی ١٤ی تەمووز وەچەرخانێکی مێژوویی بوو لە عێراق، چونکە دوای ٣٧ ساڵ لە حوکمڕانیی پاشایەتی سیستەمی حوکم لە عێراق گۆڕانکاری بەسەردا ھات لە ڕژێمێکی پاشایەتییەوە بۆ ڕژێمی کۆماری و، خەڵکێک ئومێدی لەسەر شۆڕشی ١٤ی تەمووزی ساڵی ١٩٥٨ی عێراق ھەڵچنی، ھاووڵاتییانی عێراق چاوەڕێی زۆر شتیان لە شۆڕش دەکرد، چونکە لە سەردەمی دەسەڵاتی پاشایەتیدا زۆڵم و ستەمێکی زۆر لە خەڵکی عێراق دەکرا، لەبەر ئەوەش عێراقییەکان چاوەڕێی گۆڕانکاری بوون."

ئەو شارەزایەی مێژووی عێراق دەشڵێت: "لەسەرەتادا بە کۆدەتایەکی سەربازییەوە دەستی پێ کرد و دواتر بووە شۆڕشێکی جەماوەری و زۆر گۆڕانکاری لەسەر ئاستی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری ڕوویان دا."

لەبارەی ڕۆڵی کورد لەنێو ڕووداوەکانی ١٤ی تەمووزدا د. شێرزاد گوتی: "ئەوکات بەرەی نیشتمانی ھەبوو کە ژمارەیەک پارتی سیاسی تێیدا بەشدار بوون؛ لەوانە حزبی نیشتمانی دیموکرات و حزبی شیوعیی عێراق و حزبی بەعس و حزبی ئیستیقلال. ئەوکات پارتی دیموکراتی کوردستان لە عێراق ھەبوو، بەڵام بەعس ڕێگەی نەدابوو بەشدار بێت لە بەرەی نیشتمانیدا، ھەرچەندە ئەوکات پارتی تاکە لایەنی کوردی بوو لە عێراق، بەڵام پارتییان ئاگادار نەکردەوە لەو کۆدەتایە."

د. شێرزاد زەکەریا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "لە سەرەتای شۆڕشی ١٤ی تەمووز ھەڵوێستی شۆڕش خراپ نەبوو بەرانبەر بە مافە ڕەواکانی گەلی کورد، بۆ نموونە ددانیان بەوەدا نا کە کورد میللەتی عێراقە و بەگوێرەی ماددەی ٣ی دەستووری عێراق کە ڕۆژی ٢٧ی تەمووزی ساڵی ١٩٥٨ دەرکراوە، کورد و عەرەب دوو نەتەوەی ھاوبەشن لە عێراق، کۆمەڵێک ھەنگاو نران بۆ ئاشتکردنەوەی ئازادیخوازانی کورد، لەوانەش گەڕانەوەی بارزانی نەمر و یاوەرانی لە یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو، کە دوای ١١ ساڵ ئاوارەیی گەڕانەوە بۆ عێراق و پێشوازییەکی زۆر گەرم لە گەڕانەوەی بارزانی نەمر کرا، پارتی وەک یەکەم حزبی کورد بە ئاشکرا دەستی بە خەبات کرد و ڕۆژنامەی خەباتی ئۆرگانی پارتی لە نیسانی ساڵی ١٩٥٩ دەرکرا، واتە کورد ژمارەیەک دەستکەوتی بەدەست ھێنا."

د. شێرزاد زەکەریا باسی لە تێکچوونی پەیوەندیی کورد و عێراق کرد لە سەردەمی حوکمی کۆماری و گوتی: "لەبەر ئەوەی دەسەڵاتدارانی عێراق باوەڕیان بە دیموکراسی و پێکەوەژیان و مافی گەلی کورد نەبوو، دوای دوو ساڵ لە شۆڕشی ١٤ی تەمووز پەیوەندیی نێوان کورد و عێراق تێک چوو، لە ڕۆژنامەکانی عێراق داوای تواندنەوەی کورد کرا، پارتی دیموکراتی کوردستان و بارزانی نەمر ھەوڵی زۆریان دا ئەو خاڵانەی لەسەریان ڕێک کەوتوون وەک خۆیان جێبەجێ بکرێن، بەڵام عێراق وەک ھەمیشە پاشگەز بووەوە لە بەڵێنەکانی و لە ئەنجامدا ١١ی ئەیلوولی ١٩٦١ شۆڕشی ئەیلوولی مەزن بە ڕابەرایەتیی بارزانی نەمر دەستی پێ کرد.

قائید میرۆ


 

هەواڵی پەیوەندیدار