ئهنجوومهنی ئاسایشی ههرێمی كوردستان دانپێدانانی گرووپێکی تیرۆریستانی داعش بڵاودەکاتەوە

هەولێر-KDP.info- ئهنجوومهنی ئاسایشی ههرێمی كوردستان دانپێدانانی گرووپێکی مەترسیداری تیرۆریستانی داعش بڵاودەکاتەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لەلایەن (بەڕێوەبەرایەتی گشتیی دژەتیرۆری کوردستان)ـەوە "گرووپێکی تیرۆریستی" دەستگیرکران کە پیلانیان هەبووە پێش جەژنی قوربان لەنێو شاری هەولێر "چەند کردەوەیەکی تیرۆریستی ئەنجام بدەن و لە ئامانجەکانیان باڵەخانەی پارێزگای هەولێر و شوێنێک کە کەسانی بیانی تێدابێت هەبووە."
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەدات کە ئەو گرووپە لە سەرەتای ئەمساڵەوە "لەلایەن ئەمنی عامی گرووپی تیرۆریستی داعش چالاک کراونەتەوە و فەرمانیان پێدراوە بۆ ئەوەی کردەوەی تیرۆریستی لە شاری هەولێر ئەنجام بدەن و ئەم گرووپە هەڵساون بە چاودێریکردن و وێنەگرتن و پیلان داڕشتنی چەند شوێنێک لە شاری هەولێر."
بەپێی راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان "یەکێک لە شوێنەکان باڵەخانەی پارێزگای هەولێر بووە، بۆ ئەوەی لە رێگەی چەند کەسێکی خۆکوژ کردەوە تیرۆریستیەکە جێبەجێ بکەن، بەڵام بە هەوڵ و چاوکراوەیی تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆر و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر توانراوە پێش ئەنجامدانی کردەوە تیرۆریستەییەکان ئەندامانی ئەو تۆڕە لەناو شاری هەولێر دەستگیربکرێن و پیلانەکەیان پووچەڵ بکرێتەوە."
لە راگەیێندراوەکەدا دڵنیایی دراوەتە خەڵکی هەرێمی کوردستان کە "دژەتیرۆری کوردستان و هێزە ئەمنییەکان هەمیشە چاوکراوە و ئامادەن بۆ پاراستنی سەر و ماڵ و گیانی خەڵک و قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان لە هەر هەڕەشە و مەترسییەک."
ئەو گرووپەی دەستگیرکراوە ژمارەیان پێنج کەسن کە بریتین لە:
- مازن دیاب رەشید لەدایکبووی ساڵی 1988 و دانیشتووی پارێزگای ئەنبار و لە ساڵی 2004ـەوە پەیوەندی بە داعشەوە کردووە.
- عەبدولڕەحمان عەلاء عەبدولحوسێن مەجید، لەدایکبووی ساڵی 2002 و دانیشتووی ناوچەی ئەبوغرێبی بەغدایە و لە سەرەتای ساڵی 2021 پەیوەندی بە داعشەوە کردووە.
- مستەفا عەبدولناسر سادق فلەیح، دانیشتووی شاری روومادی لە پارێزگای ئەنبار و لە ساڵی 1999 لەدایکبووە. لە ساڵی 2021 پەیوەندی بە داعشەوە کردووە.
- حەسان کەسار جاسم ناسراو بە حەمزە، لەدایکبووی ساڵی 1998ـە و خەڵکی قائیمە لە پارێزگای ئەنبار. لە ساڵی 2017ـەوە پەیوەندی بە داعشەوە کردووە.
- عومەر رەمزی سەعید عومەر شەمەری، لەدایکبووی ساڵی 1985ـە و خەڵکی قەزای حەدیسە لە پارێزگای ئەنبار. لە ساڵی 2005ـەوە پەیوەندی بە داعشەوە کردووە.
لینكی ڤیدیۆی دانپێدانەكە:




