٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ساسان عەونی: مەسروور بارزانی بە یەکسانی و بە یەك چاو سه‌یری هەموو کوردستان دەکات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێرـKDP.infoـ وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار دەڵێ، پیرۆزی یەکپارچەیی خاکی کوردستان و مامەڵەکردن لەگەڵ هەموو شارەکانی کوردستان بە یەکسانی و بە یەك چاو لە ئەولەویاتی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمە و، هیچ جیاوازییەك لە نێوان کەلار و زاخۆ، رانیە و ئاکرێ، هەولێر و سلێمانی ناکات و بە یەك چاو تەماشای هەموویان دەکات، وە ئەو بودجە و پڕۆژانەی کە تەرخان دەکرێن بە یەك ئاست لە هەموو شارەکان جێبەجێ دەکرێن.

لە درێژەی وێبینارەکانی هەفتانەی لقی شەشی ئەورووپای پارتی دیموکراتی کوردستان، ساسان عەونی ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، بابەتێکی دەربارەی (داینامیزمی دەوڵەتداری و دیبلۆماسییەت لە هەنگاوەکانی مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان) پێشکەشکرد و، کە تێیدا ئاماژەی بەوەکرد، کەسی دەوڵەتدار دەبێ خاوەن ڕوئیا بێت، وە ڕوئیاش دەبێتواقیعی بێ، نموونەشی بە مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هێنایەوە، کە خاوەن ڕوئیایەکی ڕوون و ئاشکرایە، ئەوەش لە قسەکان، هەڵوێستەکان و ڕێنماییەکانییەوە دەبیندرێن. ئەو ڕوئیایانەش لە کارنامەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە باشی بەرجەستە کراون، لە هەموو ئاست و سێکتەرەکاندا دیدگای خۆی هەیە و بە یەکسانی و ڕێكوپێکی کاری لەسەر کردووە و هیچ بوارێك فەرامۆش نەکراوە.

لە لایەکی دیکەوە باسی لەوەشکرد، کە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان توانیویەتی دیبلۆماسیەتێکی سەرکەوتوو پەیڕەو بکات و پەیوەندییەکانی هەرێم لەگەڵ جیهاندا بەرەو پێشتر ببات، وە بە ڕیتم و هاوسەنگییەوە پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا، دەووروبەر و جیهاندا پەیڕەو بکات.

گوتیشی: "مەسروور بارزانی بڕوا و متمانەی بەخۆی هەیە و بەو قەزیەیە هەیە، کە نوێنەرایەتی دەکات، ئەو خەسڵەتەی بەڕێزیان لە هەموو دیدار و چاوپێکەوتنەکانی لەگەڵ سەکردەکانی جیهان، لە سەردانەکانی بۆ دەرەوەی وڵات و پێشوازییەکانی لە سەرکردەکانی جیهان بە ڕوونی دەبیندرێن، وە ئەو تۆڕی پەیوەندییە فراوانە نێودەوڵەتییەی کە بەڕێزیان هەیەتی، بەردەوامە و کاریگەری لەسەر پشتگیریکردنی هەرێم و حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەیە".

ساسان عەونی جەختیشی لەوە کردەوە، کەوا دیدگای واقیعبینانەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پرسەکانی زیادکردنی داهات، چاکسازی، گەشەپێدانی ئابووری، برەودان بە سێکتەرەکانی کشتوکاڵ و گەشتوگوزار و سێکتەرەکانی دی، هاوکات گرینگی و بایەخدانیان بە ئازادی تاك و کۆمەڵ، پێکەوەژیان و دیموکراسی، هەموویان بوونەتە ستراتیژیەتی واقیعبینانەی مەسروور بارزانی و، کاری زۆر باشیان لەسەر کراوە و هەنگاوی باش چوونەتە پێش.

دەشڵێ، سەروەری و شکۆمەندی خاك و پیرۆزی یەکپارچەیی کوردستان، لایەنێکی گرینگی دیدگای سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ دەوڵەتداری و حوکمڕانی و، بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی حکوومەتی هەرێم. پیرۆزی یەکپارچەیی خاکی کوردستان و مامەڵەکردن لەگەڵ هەموو شارەکانی کوردستان بە یەکسانی و بە یەك چاو، لە ئەولەویاتییەتی. ئەوەش دووپات دەکاتەوە، کە مەسروور بارزانی هیچ جیاوازییەك لە نێوان کەلار و زاخۆ، رانیە و ئاکرێ، هەولێر و سلێمانی ناکات و بە یەك چاو تەماشای هەموویان دەکات، نموونەش بەوە دێنێتەوە، ئەو بودجە و پڕۆژانەی کە تەرخان دەکرێن بە یەك ئاست لە هەموو شارەکان جێبەجێ دەکرێن.

هەروەها خاڵێکی دیکەی گرینگی دەوڵەتداری و حوکمداری مەسروور بارزانیش، بەوە دێنێتەوە، کە بایەخدانیانە بە پرسی چاکسازی، کە لە خاڵی یەکەمی کارنامەی حکوومەتەوە هاتووە، سەرەڕای لەمپەڕەکان و، زەحمەتکاریەکان و کێشەکان کە دێنە بەردەم جێبەجێکردنی چاکسازی، بەڵام ئەو بە پێداگری و ویستێکی بەهێزەوە بەردەوامە لەسەر ئەو پڕۆسەیە و لە هەموو سێکتەر و بوارەکاندا، وە خەریکە بەرهەمەکانی ئەو چاکسازییە بەدیاری دەکەون و لە داهاتوودا زیاتر بەدیار دەکەون.

بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابووری وڵات و فرە سەرچاوەکردنی داهات، وە زیادکردن و ڕێکخستنەوەی داهات و کەمکردنەوەی خەرجییەکان و، برەودان بە بەرهەمی نێوخۆ و پشتبەستن بەو بەرهەمانە و بینینەوەی بازاڕی جیهانی بۆ بەرهەم و بەرووبوومەکانی کوردستان، وەک ساسان عەونی ئاماژەی پێداوە، لە ستراتیژیەتە سەرەکییەکانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە. دەشڵێ، کە ژینگەش جێی بایەخێکی گەورەی کاك مەسروور بارزانییە و دیدگای ئەوەیە، کەوا ژینگە دەبێت بە پاکی بمێنێتەوە و سرووشتی کوردستان بپارێزرێت، ئەوەش وەك نەریتێك کە لەسەر دەستی شێخ عبدالسلامی بارزان پەیڕەو کراوە و دەستاودەست بەردەوام بووە لە نێو بنەماڵەی سەربەرزی بارزان.

 

خێڵان بەختیار

هەواڵی پەیوەندیدار