٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بە ژمارە؛ داعش چیی بەسەر ئێزدی و مەسیحی و کاکەیییەکان هێناوە؟

سەرچاوە: KDP.info

دهۆک –KDP.info- دوای سەرهەڵدانی ڕیکخراوێکی تیرۆریستی بە ناوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام، ناسراو بە ''داعش''، ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە دەستی بەسەر چەندین شوێنی عێراق و سووریادا گرت.  داعش زیانێکی گەورەی بە هەموو ناوچەکان گەیاند، بەڵام پێکهاتەکانی عێراق جیاواز لە هەموو ناوچەکانی تر زیانی گەورەیان بەر کەوت؛ لەوانەش ئێزدی و مەسیحی و کاکەیی. ماڵپەری فەرمیی پارتی بە ژمارە ئەو زیانانە دیاری دەکات کە لەلایەن داعشەوە بەر ئەم پێکهاتانە کەوت.

ئێزدییەکان

ئێزدییەکان ئەو پێکهاتە ئاینییە بوون کە بەپێی ژمارە و ئامارەکان زیانێکی گەورەیان بەر کەوت. بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری ئێزدییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی ھەرێمی كوردستان دوائاماری کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی بە دەستی چەکدارانی داعشی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ناردووە.

بەپێی دواژمارەی کە لە ڕۆژی یەکەمی ھێرشی چەکدارانی داعشەوە بۆ سەر شنگال لە 2014/8/3 تا 3/5/2021 لە ئامارەکاندا هاتووە، 1293 کەس شەھید بوون.

لە بەشیكی تری ئامارەکاندا هاتووە، ژمارەی ئێزدییەکان لە عێراق 550000 کەس بووە، ژمارەی ئاوارەکان 360000 کەس بووە و ئەوانەی گەڕانەوەتەوە شنگال نزیکەی 150000 هەزار کەسە، تا ئێستا 82  گۆڕی بەکۆمەڵ لە شنگال و دەوروبەری دۆزراونەتەوە کە بە دەیان کەس لەو گۆڕانەدا کومەڵکوژ کراون.

بە پێی ژمارەکان، 65%ی ئیزدییەکان ئاوارە بوون و نزیکەی 41%یان گەڕاونەوە شوێنی خۆیان.

لە ئامارەکاندا ئەوەش هاتووە کە ژمارەی شەھیدەکانی ڕۆژی یەکەمی ھێرشی داعش بۆ سەر شنگال  1293 شەھید بووە. ژمارەی ئەو منداڵانەی بێ دایک و باوک ماونەتەوە، لە ڕۆژی یەکەمی کۆمەڵکوژییەکەوە 1293 منداڵە.68  مەزارگە و مەرقەدی ئایینی لەلایەن چەکدارانی داعشەوە تەقێندراونەتەوە، هەر بەهۆی داعشیشەوە زیاتر لە 100,000 کەس چوونەتە دەرەوەی وڵات.

لە کاتی هاتنی داعشەوە ژماریەکی گەورەی ئێزدییەکان کەوتنە دەست داعش کە بەپێی ئامارەکان ژمارەی ڕفێندراوان 6417  کەس بوو؛ لەوانە  3548 لە ڕەگەزی مێ  و 2869  کەسیش لە ڕەگەزی نێر بوون.

ژمارەکان وا دەردەخەن کە زیاتر لە ٥٥٪ی ڕفێنراوان، واتە 3545 کەس لە دەستی داعش ڕزگار کراون؛ لەوانە  1205 ژن و339  پیاو و1045  منداڵی کچ و956  منداڵی کوڕ.

ئاماری ڕفینراوەکانیش بەم شێوەیەیە کە تا ئێستا 2768 کەس لە دەستی داعشدا ماون؛ لەوانە1298  ژن و 1470 پیاو.

ئێزدییەکان دەڵێن، ئەم کۆمەڵکوژییە 74مین کۆمەڵکوژی بوو کە لە مێژوودا بەسەریان هاتووە.

هاوکات زیانەکانی داعش بۆ سەر ناوچە ئێزدینشینەکان بە ملیارەها دۆلار بوو، جگە لەوەش ژێرخانی شنگالی کاول کرد هەر لەبەر ئەوەش پەرلەمانی عێراق شنگالی بە شارێکی کاولکراو لە ساڵی  2016 ناساند، چونکە 85%ی شارەکە کاول بووە.

ئێزدییەکان ئێستا لە17  کەمپی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستاندا نیشتەجێن.

مەسیحییەکان

مەسیحییەکان یەکێک بوون لەو پێکهاتانەی لە دوای18  تەمووزی ساڵی 2014  لە ناوچەی قەرەقۆش زیانێکی گەورەیان بەر کەوت. ڕێکخراوی شلۆمۆ بۆ بەڵگەنامەکان ئاماری مەسیحییەکانی تۆمار کردووە کە بەپێی ئەو ئامارە لە کۆی ٤١ کەسی ڕفێنراوی دەستی داعش 5 کەس کوچی دوایییان کردووە و 4  کەس ڕزگاریان بووە و، تا ئێستا 32  کەسیش بێسەروشوێنن.

لە ناوەندی مووسڵیشدا لە کۆى 14 کەسی ڕفێنڕاو 1 کەس کوچی دواییی کرد و 6 کەسیان بێسەروشوێنن و 7 کەسیان لە دەستی داعش ڕزگار کراوان. هەروەها لە ناوچەی کرملیس کە ناوچەیەکی تری مەسیحینشینە 3  کەس ڕفێنرابوون و تا ئێستا بێسەروشوێنن. لە ناوچەی بەرتللە داعش 17  کەسی دەستگیر کرد کە  7 کەسیان ڕزگار کراوان و تا ئێستا چارەنووسی ١٠  کەس دیار نییە. لەگەڵ هاتنی داعش 3 کەس لە لایەن داعشەوە کوژران، لە شنگالیش 4  کەس ڕفینراون و تا ئێستاش چارەنووسیان دیار نییە.

بەپیێ ئامارەکانی ڕێکخراوی شلۆمۆ بۆ بەڵگەنامەکان کەسیکی تری مەسیحی شوێنی دیار نەکراوە و چارەنووسی دیار نییە.

داعش 83   کەنیسە و دەیر و گۆڕستانی مەسیحییەکانی وێران کرد و لەناوی بردن؛ لەوانە 39 شوێن لە مووسڵ و 18  لە قەرەقۆش و 1  لە باقوفە و 1 لە نەمروود و 7 لە کرملیس و 6 لە بەرتللە و2  لە تلکێف و 3 لە باشیک و 1 لە بەحزانێ و 4 لە باتنایێ و 2 لە تلسقۆف.

ڕێکخراوی شلۆمۆ بۆ بەڵگەنامەکان چەندین زیارەتی مەیدانیی کردووە بۆ زانینی وێرانبوون و سووتانی ناوچەکان.

ماڵپەڕی فەرمیی پارتی بە گرنگی زانیوە خشتەیەک لە بەڵگەکان بۆ زانینی ئەو زیانانەی داعش بە مەسیحییەکانی گەیاندووە، نیشان بدات:

خشتەی ژمارە (1) ڕێکخراوی شلۆمۆ بۆ بەڵگەنامەکان ڕیژەی کاولکاری و زیانی یەکەکانی نیشتەجێبوونی ناوچە مەسیحینشینەکانی بەپێی لیژنە مەیدانییەکان تاوەکوو ڕۆژی 4/20/2017 تۆمار کردووە.

کاکەیییەکان

کاکەیی یەکێکە لەو ئایینانەی کە ڕەگ و ڕیشەی دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ پێش ئێستا و پەیڕەوانی ئەو ئایینە لە چەندین شوێنی عێراق نیشتەجێن و بەپێی ئامارە نافەرمییەکان ژمارەیان 120 هەزار کەسە.

ڕەجەب کاکەیی، چالاکی کاکەیییەکان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دەڵێت: "لە سەرەتای هاتنی داعشدا 5 گوندی کاکەیی لە دەشتی نەینەوا کەوتنە دەستیان و 5 مەزارگەی ئایینیمان سووتێنران و  2 گوندیش لە سنووری قەزای داقووق داگیر کران.''

دوو  گوندە کاکەیییەکەی سنووری قەزای داقووق تەواو وێران بوون، بەڵام خەڵکی 5  گوندەکەی دەشتی نەینەوا گەڕاونەتەوە سەر زێدی خۆیان.

هاوکات، لەگەڵ هاتنی داعشدا 4  کەس ڕفێنران

کاروان باعەدری

هەواڵی پەیوەندیدار