به بڕى 6 ملیۆن دۆلار چه‌ند پرۆژه‌یه‌ک له سلێمانى و هەڵەبجه جێبه‌جێ ده‌کرێت

به‌ڕێوەبه‌رى ئاوى هه‌رێمى کوردستان دەڵێت، به گوژمه‌ى 6 ملێۆن دۆلار پرۆژه‌ى ئاوى تاسڵووجه-سلێمانى و پرۆژه‌ى ئاوه‌ڕۆى هه‌ڵه‌بجه و دانانى تۆڕى ئاو له چه‌ند گه‌ڕه‌کێکى هه‌ڵه‌بجه جێبه‌جێ ده‌کرێت.
ئه‌ندازیار ئارى ئه‌حمه‌د قادر، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى ئاو و ئاوه‌ڕۆى هه‌رێمى کوردستان، به ماڵپه‌ڕى فه‌رمیى پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگه‌یاند: "له‌سه‌ر قه‌رزى ژاپۆنى و به بڕی 6 ملییۆن دینار سێ پرۆژه‌ی ئاو له هه‌ریه‌ک له پارێزگاکانى سلێمانى و هەڵەبجه جێبه‌جێ ده‌کرێن و، پرۆژه‌کان بریتین له پرۆژه‌ى ڕاکێشانى هێڵى سه‌ره‌کیى ئاو له تاسڵووجەوە بۆ سلێمانى به بۆڕیى تیره‌ى 600 ملیم، پرۆژه‌ى درووستکردنى ئاوه‌ڕۆ و دانانى تۆڕى ئاو له چه‌ند گه‌ڕه‌کێکى شارى هه‌ڵه‌بجه."
گوتیشى: "پرۆژه‌کان ئێستا که‌وتوونه‌ته بوارى جێبه‌جێکردن و به شێوه‌یه‌کى گشتى تا ئێستا نزیکه‌ى 1200 مه‌تر کارى هه‌ڵکۆڵین له پرۆژه‌ى ئاوى تاسڵووجه-سلێمانى کراوه و 50%ى که‌ره‌سته و پێویستیى پرۆژه‌کانى گه‌یشتوون و هێنانى که‌ره‌سته‌کان به‌رده‌وام ده‌بێت تا کۆتاییی پرۆژه‌کان. ئومێدیش ده‌که‌ین ئه‌و پرۆژانه ببنه پاڵپشتییه‌کى باش بۆ شاره‌کانى سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه.''
به‌ڕێوەبه‌رى گشتیى ئاوی هه‌رێمى کوردستان ڕوونیشى کرده‌وه: "جێبه‌جێکردنى پرۆژه‌کان، به‌تایبه‌ت ڕاکێشانى هێڵى ئاوى تاسڵووجه-سلێمانى ڕۆڵى گرنگى ده‌بێت له چاره‌سه‌رکردن و گه‌یاندنى ئاو له عه‌مبارى تاسڵووجه‌وه بۆ چه‌ند گه‌ڕه‌کێکى سلێمانى، به‌هه‌مان شێوه دانانى تۆڕى ئاو له پارێزگاى هەڵەبجه ده‌بێته چاره‌سه‌رى گرفتى که‌میى ئاو و دابینکردنى ئاو بۆ دانیشتووانى دوو گه‌ڕه‌کى شاره‌که."
ئەرسەلان ئەحمەد




