د. بەشیر: ھۆشداریمان داوەتە وەزیری دارایی.. پشوو درێژیش سنووری خۆی ھەیە

هەولێرـKDP.infoـ دوای پەسەندکردنی یاسای بودجەی عێراق و دەرکردنی بڕیاری ناردنی پشکی ھەرێمی کوردستان لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، تا ئێستا پارەکە نەگەیشتووتە ھەرێمی کوردستان، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانیش ھۆشداری دەداتە وەزیری دارایی لە درووست کردنی ئاستەنگ.
د. بەشیر حەداد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پشکی ھەرێمی کوردستان دیاری کراوە لەنێو بودجەی عێراق و حکوومەتیش بڕیاری ناردنی دووسەد ملیاری دەرکردووە تا لیژنەکانی ھەماھەنگی دەگەنە ئەنجامێک، بەڵام نایشارینەوە دەستێک ھەیە لە بەغدا و ئاستەنگ بۆ ناردنی پشکی ھەرێم درووست دەکات و دەیانەوێ پارەکە نەنێرن".
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتیشی: "ئێمە نووسراومان کردووە بۆ ئەوەی بەشە بودجەی ھەرێمی کوردستان رەوانە بکرێت و ھۆشداریمان داوەتە وەزیری دارایی فیدڕاڵ، چونکە تا ئێستا نەرمیمان نواندووە، بەڵام پشوو درێژی ئێمەیش سنووری خۆی ھەیە و خۆم قسەم لەگەڵ وەزیری دارایی کردووە بۆ ناردنی پشکی ھەرێم".
د. بەشیر حەداد ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "ئەگەر وەزیری دارایی پابەند نەبێت لە جێبەجێکردنی ھەموو بڕگە و ماددەکانی یاسای بودجە و بە بڕیاری سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران پارە نەنێرێ بۆ ھەرێمی کوردستان، ئەوە لە رۆژانی داھاتوو بانگھێشتی دەکەین و لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت".
د. بەشیر حەداد ھۆشداری دا لەبارەی درووستکردنی ئاستەنگ و دەڵێت: "ئەگەر کار لەکار ترازا، ئێمەیش دەستەوەستان نابین لە بەرانبەر وەزیری دارایی و، بەدووریش نابینم کار بگاتە ئەوەی متمانە لە وەزیری دارایی وەربگرینەوە".
قائید میرۆ




