زاگرۆس فەتاح: وەزارەتی پلاندنان لە کابینەی نۆ پارەی بۆ ٢٧٩ پڕۆژە خەرج کردووە

ئەمڕۆ دوو ساڵ بەسەر پێکھێنانی کابینەی نۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان تێ دەپەڕێت و بریکاری وەزارەتی پلاندانانیش دەڵێت، لە ماوەی ئەم دوو ساڵەی کابینەی نۆدا وەزارەت پارەی بۆ ٢٧٩ پڕۆژەی خزمەتگوزاری خەرج کردووە.
زاگرۆس فەتاح، بریکاری وەزارەتی پلاندانان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە کابینەی نۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پارە بۆ جێبەجێکردنی ٢٧٩ پڕۆژە لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان تەرخان کراوە، پڕۆژەکانیش بەم شێوەیە بوونە؛ بۆ پارێزگای ھەولێر ١٠٨ پڕۆژە و پارێزگای دھۆک ٣٩ پڕۆژە و پارێزگای سلێمانی ١١٦ پڕۆژە و بۆ پارێزگای ھەڵەبجە ١٦ پڕۆژە، بەشێک لەو پڕۆژانە جێبەجێ کراون و بەشێکی دیکەیان لە قۆناغی جێبەجێکردندان و لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە بەردەوام پارەیان بۆ خەرج دەکرێت."
بریکاری وەزارەتی پلاندانان دەشڵێت: "نزیکەی چوار سەد و ٣٤ ملیار دینار بۆ ئەو پڕۆژانە خەرج کراون، پڕۆژەی خزمەتگوزاریی وەک کەرتی ئاو و کارەبا و ڕێگاوبان لەلایەن وەزارەتی پلاندانەوە لەبەر چاو گیراون، چونکە ئەمانە پەیوەندییان بە ژیانی ڕۆژانەی ھاووڵاتییانەوە ھەیە."
زاگرۆس فەتاح ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "پڕۆژەکانی حکوومەت بەردەوام دەبن و ئەو پڕۆژانەی دێنە وەزارەتی پلاندانان وردبینییان بۆ دەکرێت و پلانی حکوومەتیش ئەوەیە زۆرترین پڕۆژە جێبەجێ بکرێت، لەبەر ئەوەش، بەردەوامین لەسەر جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژانەی پارەیان بۆ خەرج کراوە تا تەواو دەکرێن."
قائید میرۆ




