نازدار عەلی نابینای خاوەن پێداویستیی تایبەت: ئێمەش نەوەی دواڕۆژی نیشتمانین، مافەکانمان بپارێزن

هەولێر -KDP.info- لە هەرێمی کوردستان مافی هەر هاووڵاتییەکی خاوەنپێداویستیی تایبەت بەپێی یاسایەک لە پەرلەمانی کوردستان ڕێک خراوە و پێی دەدرێت. سەرۆکی لێژنەی کاروبارى كۆمهڵایهتی و داكۆكیكردن له مافی مرۆڤ دەڵێت، دوای بەدواداچوونی ساڵێک و شەش مانگ لەگەڵ هەر ڕێکخراوێکی تایبەتمەند بە خاوەنپێداویستییەکان، دەرکەوت کەموکورتی هەیە لە یاساکە و پێویستە پێشنیازی نوێی بۆ زیاد بکرێت و زیاتر ماف و ئیمتیازاتی خاوەن پێداویستییەکان پارێزراو بێت، بۆیە یاساکە لە پەرلەمانی کوردستان هەموار کرایەوە و بە دەنگی ٨١ ئەندام پەرلەمان پەسەند کرا.
ڕۆژی ٨ی ۷ی ۲٠٢١، بهپێی بڕگهی یهكهمى تاكه خاڵی بهرنامهی كارى دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان، پێشنیاز و پڕۆژەیاسای هەمواری یەکەمی یاسای ماف و ئیمتیازاتی کەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت، ژمارە ٢٢ی ساڵی ٢٠١١ لە هەرێمی کوردستان، لهلایهن لیژنهی كاروبارى یاسایی و کاروبارى كۆمهڵایهتی و داكۆكیكردن له مافی مرۆڤ و ڕاپۆرتی دهنگدانی تایبهت، به ڕهچاوكردن و جێكردنهوهى سهرجهمی ئهو سهرنج و تێبینی و پێشنیازانهی لهلایهن ئهندامانى پهرلهمانهوه له دانیشتنی پێشووتردا له كاتی خوێندنهوهى دووهمی پێشنیاز و پڕۆژەیاساكه خرابوونه ڕوو، دواجار یاساکە هەموار کرایەوە و بە دەنگی ٨۱ ئەندامی پەرلەمان پەسەند کرا.
پەیوەست بەمە، سەرۆکی لێژنەی پەیوەندیدار، بـە ناوی کاروبارى كۆمهڵایهتی و داكۆكیكردن له مافی مرۆڤ، ڕۆمیۆ هەکاری، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پێمان وابوو کەموکورتییەکی زۆر لە یاسای خاوەن پێداویستییە تایبەتەکاندا هەبوو، ئەم کەموکورتیانە، لە ماوەی ئەو سێ ساڵەی تەمەنی خولی پێنجەمدا، کاتێک سەردانی ئەو ڕێکخراوانەی کە پەیوەستن بە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و کورتەباڵاکانیشمان دەکرد، باسی کێشە و گرفتی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانیان دەکرد کە لە ڕووی یاسایییەوە مافەکانیان پارێزراو نییە و پێشنیاریان بە ئێمە دەدا بۆ ئەوەی لە کاتی هەموارکردنی ئەم یاسایەدا ئاگادار بین و مافەکانیان پارێزراو بێت، هەربۆیە هەڵمەتێکی زۆرمان کرد، بەشی هەرەزۆری ئەو ڕێکخراوانەی کاروبارەکانیان جێبەجێ دەکەن، داوایان لە لێژنەی ئێمە دەکرد و دوای بەدواداچوون، لە ماوەی ساڵێک و شەش مانگدا سەردانی ڕێکخراوەکان و وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و بەڕێوەبەرایەتییەکان و بەڕێوەبەرایەتیی پاراستنی خێزانی لە هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و هەندێک لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کە تایبەتمەندن بە کاری ڕێکخراوەییی خاوەن پێداویستییەکان، قسەکردن لەگەڵ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و وەرگرتنی بیر و بۆچوونیان و پێشنیازەکانیانمان وەرگرت. بۆیە دوای ئەم ماوەیە، ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو ئەو یاسایە هەموار کرایەوە و دواتر دەنگی لەسەر درا و پێمان وایە گۆڕانکارییەکی باش لە یاساکەدا کرا."
هەکاری گوتیشی: " کێشەی پەککەوتەکان هەبوو، زیاتر لە لێژنەیەکی پزیشکی هەبوو، هەربۆیە سەنتەرێکمان دانا بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندرووستی و، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی کە پێشتر زیاد لە لێژنەیەکی تەندرووستیی هەبوو، واستە و واستەکاری تێدا دەکرا، خەڵکانی پێویست حەق و مافی خۆیان وەرنەدەگرت، هەربۆیە ئیستا لەم یاسایەدا تەنیا یەک لێژنەی دیاریکردنی ڕێژەی کەمئەندامی و پەککەوتەیی هەیە. چەندین کێشەی تریش هەبوو کە هەوڵی باشترکردنی بڕگە و خاڵەکانمان دا و لە قازانجی خاوەن پێداویستی تایبەت و کورتەباڵاکان و پەککەوتەکان یاساکە هەموار کرایەوە."
هاوکات، بۆچوونی دوو لە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانمان وەرگرت، یەکێکیان بە نەبوونی هەردوو دەستی، بووە بە خاوەن پێداویستیی تایبەت، بە ناوی ئاودێر ئەمین حەمەد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە وەک مرۆڤی ئاسایی نین و داواکارمان زیاترە لە خەڵکانی ئاسایی، بۆیە هەموارکردنەوەی ئەم یاسایە بە کارێکی باش دەزانم و هیوادارین مافەکانمان پارێزراو بێت و ئاسانکاریمان لە گشت داموودەزگاکانی حکوومەتدا بۆ بکەن."
نازدار علی، نابینا و قوتابی لە قوتابخانەیەکی نابینایانیش گوتی: "من قوتابیم و چەندین نابینای تر لەگەڵ من قوتابین، بۆیە، داواکارم هاوکاری بکرێن و وەزارەتی پەروەردە ئاسانکاریی زیاترمان بۆ بکات، یاسایەک هەیە لە پەرلەمانی کوردستان مافەکانی ئێمەی تێدایە، بۆیە داواکاریمان ئەوەیە بەپێی یاساکە، مافمان بپارێزن، چونکە ئێمە و هاورێکانمان وەک هەر نەوەیەکی دواڕۆژی ئەو کوردستانە نەوەی دواڕۆژی نیشتمانین و سەرکەوتنی ئێمە سەرکەوتنی کوردستانەکەمانە."
فایزە کۆیی




