عیسمەت ڕەجەب: ھێزی پێشمەرگە ڕۆڵێکی سەرەکیی لە ڕزگارکردنی مووسڵ ھەبوو

مووسڵ -KDP.info- وەزارەتی بەرگریی عێراق لە یادی چوار ساڵەی ئازادکردنی مووسڵدا بەیاننامەیەکی بە ناوی وەزیری بەرگریی عێراق، جومعە عناد سەعدوون، بڵاو کردەوە کە تێیدا سوپاسی ھێزی پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکان دەکات لە ڕزگارکردنی مووسڵ لە چنگی داعش کە سێ ساڵ ئەو شارە لە دەستی داعشدا بوو و دەستخۆشیی لەو ھێزانە دەکات کە ڕۆڵیان لە ڕزگارکردنی مووسڵدا ھەبوو بە پاڵپشتیی ھاوپەیمانان و وڵاتانی دۆست. بەرپرسی پێشووی لقی١٤ی پارتی دیموکراتی کوردستانیش لە مووسڵ دەڵێت، ھێزی پێشمەرگە ڕۆڵێکی سەرەکیی ھەبوو لە ڕزگارکردنی مووسڵ و ئەگەر ھێزی پێشمەرگە نەبووایە ئەستەم بوو مووسڵ ڕزگار بکرێت، بەڵام بەداخەوە ھێشتا داعش ماوە و جموجۆڵی زیاد بووە .
عیسمەت ڕەجەب، بەرپرسی پێشووی لقی ١٤ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئازادکردنی مووسڵ لەلایەن ھێزی عێراقەوە بێ ھەماھەنگی لەگەڵ پێشمەرگە نەبووە، چونکە ھێزە عێراقییەکان لەو ناوچانە ھێرشی سەر مووسڵیان کرد کە ھێزی پێشمەرگەی لێ بوو و پێشمەرگە ببوونە پاڵپشت بۆ ھێزی عێراقی و بوونە ھۆکارێک بۆ ئەوەی ھێزی عێراقی بچنە مووسڵ و پلانی ڕزگارکردنی مووسڵیش ئەوە بوو کە لە ڕێگەی ئەو ناوچانەوە ھێرش بکرێت کە ھێزی پێشمەرگەی لێیە."
عیسمەت ڕەجەب گوتیشی: "ھێزی پێشمەرگە ڕۆڵێکی سەرەکیی ھەبوو لەوەی مووسڵ لە چنگی داعش ڕزگار بکرێت و ئەگەر پێشمەرگە نەبووایە ڕزگارکردنی مووسڵ ئەستەم دەبوو."
گوتیشی: "داعش تا ئێستا بەداخەوە ماوە و ڕێکخستنەکانی بەھێز دەکاتەوە و چالاکی بەڕێوە دەبات و جموجۆڵی زۆرە و لەم دواییانەدا چەندین تاوەری کارەبایان تەقاندەوە و خەڵک دەڕفێنن، لە ناوچەکانی کەرکووک و مەخموور شانەی نوستوویان ھەیە.''
بڵند ئیبراھیم




