لیوا عەبدولخاڵق تەڵعەت: تەنھا ئەمەریکا دەتوانێت کێشەی ھێرشکردنە سەر بنکەکانی لە ھەرێم و عێراق چارەسەر بکات

بەغدا-KDP.info- وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بڕیاری داوە ھەزار و٨٠٠ سەربازی شەڕکەری وڵاتەکەی ڕەوانەی عێراق و ھەرێمی کوردستان بکات بۆ پارێزگاریکردن لە بنکەکانی، نوێنەری ھەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ لە فەرماندەییی ئۆپراسیۆنی ھاوبەشی عێراقیش دەڵێت، ھاتنی ئەو ھێزە بۆ ھەرێم و عێراق زۆر پێویستە، چونکە تەنھا ئەمەریکا دەتوانێت ئەو کێشەیە چارەسەر بکات، ئەگەرنا خراپتر دەبێت و کێشەی گەورەتر پەیدا دەبێت.
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "پێویستە بەزووترین کات ھێزی ھاوپەیمانان، بەتایبەت ئەمەریکا ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن و ڕووبەڕووی ئەو کێشانە ببنەوە کە ئەمڕۆ لە عێراق هەن، بەتایبەتی ئەو ھێرشانەی دەکرێنە سەر بنکەکانی ئەمەریکا لە فڕۆکەخانەی ھەولێر و ئەوانەی دیکە، چونکە لە ماوەی ھەفتەیەکدا ھێرش کرایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا و ھێرش کرایە سەر بنکەی عەین ئەسەد و بنکەی فڕۆکەخانەی ھەولێر، بۆیە تەنھا ھێزەکانی ھاوپەیمانان دەتوانن ڕووبەڕووی ببنەوە و ئەگەر چارەسەر نەکرێت ئاکامی خراپتری دەبێت.''
تەڵعەت باسی لەوەش کرد: "ھەبوونی ھێزی ئەمەریکا لە عێراق زەروورە بۆ ئەوەی بتوانێت ئەو کێشەیە چارەسەر بکات."
گوتیشی: "ئەوانەی ئەو کارە دەکەن ئەو کۆمەڵە چەکدارانەن کە باڵادەستن لە عێراق، بۆیە ئەو کێشە و ھێرشانەی دەکرێنە سەر بنکەکانی ھاوپەیمانان، تەنھا ئەمەریکا دەتوانێت ئەو کێشەیە چارەسەر بکات، بۆیە پێویستە سنوورێکیان بۆ دانێت، چونکە ئەگەر بەردەوام بێت کێشەی گەورەتر ڕوو دەدات، بۆیە پێویستە ئەمەریکا بە ھاوبەشی لەگەڵ حکوومەتی ھەرێم و عێراق ئەو کێشەیە چارەسەر بکات و ڕێگە نەدرێت ئەو گرووپە چەکدارانەی باڵادەستن بەئاسانی ھێرش وبکەن سەر بنکەکان، چ لەناو خاکی عێراق بێت، یان لە ھەرێمی کوردستان."
لیوا عەبدولخاڵق تەڵعەت ڕوونیشی کردەوە: ''ئەو ھێرشانەی دەکرێت پەیوەندیی بە بۆشاییی ئەمنییەوە نییە و ئەمە درۆنە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانە و بە ئاسماندا دەچێت و لە ھەر شوێنک بیانەوێت ھەڵیدەستێنن و بەکاری دێنن.''
بڵند ئیبراھیم




