٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شێخ جەعفەر: به‌شێوەیەکی جیاواز کار دەکەین و دڵنیاین سەرده‌كه‌وین

سەرچاوە: KDP.info

خانەقین-KDP.info- بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین رایگەیاند، پارتی لە خانەقین خۆی بۆ ھەڵبژاردنەکان ئامادە کردووە و ئەمجارە جەماوەرێکی زۆر پشتگیریی دەکەن، چونکە بۆیان ڕوون بووەتەوە نەبوونی پارتی لە سنووری خانەقین چ زیانێکی لە ئەوان داوە و تووشی چ نەھامەتییەک ھاتوون، بۆیە دەیانەوێت پارتی لە ناوچەکە بێت و نوێنەرایەتییان بکات.

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی ھەڵبژاردنەکان خۆمان باش ئامادە کردووە و کاری باشمان کردووە و بەردەوامیشین لە کارکردن، کە ئەم جارە بە شێوەیەکی جیاواز کار دەکەین و دڵنیاین سەرکەوتوو دەبین و کورسی بەدەست دێنین، کە لەو سنوورەی خۆمان دوو کاندیدمان ھەیە و یەکێک لەوانە ئافرەتە".

شێخ مستەفا گوتیشی: "لایەنەکانی دیکەش کاندیدیان ھەیە و ھەر لە ئێستاوە دەستیان بە بەخشینی دەمانچە و پارە و کەلوپەل کردووە، بۆ ئەوەی سۆزی خەڵک بۆخۆیان ڕاکێشن و دەنگ بە دەست بێنن، بەڵام ئێمە کادیرەکانی خۆمان ڕاسپاردوون دەست بە کۆڕ و سیمینار بکەن، ئەگەر حەشد رێگری لە کادیرانی ئێمە نەکەن، چونکە ئەگەر ئەو کارە بکەن خراپ دەبێت، هەرچەندە لە خانەقین ناتوانن رێگری بکەن، بەڵام لە جەلەولا و سەعدییە مەترسیی رێگریکردن ھەیە، لەبەر ئەوەی عەرەبیش کاندیدی زۆرە لە سنوورەکە".

بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین ڕوونیشی کردەوە: "عەرەبەکان لە ناوخۆیاندا ناکۆکن، بە تایبەت سوننەکانی سنووری دیالە، بەڵام ئێمە ئەمجارە جەماوەرێکی زۆرمان ھەیە، چونکە خەڵک بۆی ڕوون بووەتەوە نەبوونی پارتی لە سنووری خانەقین و ناوچەکانی دیکە چ زیانێکی لە ئەوان داوە و تووشی چ نەھامەتییەک ھاتوون، بۆیە خەڵک زۆر سورە لەسەر ئەوەی پارتی بگەڕێتەوە بۆ ناوچەکە و نوێنەرایەتیی ئەوان بکات، بۆیە ئێمە دڵمان بەوە خۆشە ئەمجارە دەنگی باش بەدەست دێنین، چونکە خەڵک پشتگیریی ئێمە دەکات و لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی نەبوونی پارتی لە سنوورەکە، خەڵک قوربانیی زۆری گیانی و ماددی داوە و گوندی زۆری چۆڵ کردوون، بۆیە ئەو ھەموو نەھامەتیانەیان لەبیر نەکردووە".

 

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار