وەزارەتی تەندروستی: دوو رێگا بۆ خۆپاراستن لە کۆرۆنا هەیە

ھەولێر-KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، بۆ ئەوەی بتوانین رێگری بکەین لە نەخۆشیی کۆرۆنا و زیادبوونی حاڵەتەکانی ئەو نەخۆشییە و خۆپاراستن لێی، کە ماوەی چەند رۆژێکە لە زیادبووندایە، دوو رێگا ھەیە، ئەوانیش خۆپارێزی و پابەندبوون بە رێنماییەکان و، هەروەها خۆتۆمارکردن و وەرگرتنی ڤاکسینە.
دکتۆر ئاسۆ حەوێزی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ماوەی چەند رۆژێکە حاڵەتەکانی نەخۆشیی کۆرۆنا لە ھەرێمی کوردستان زۆر زیاد بوون بەراورد بە ماوەی ڕابردوو و، حاڵەتەکان دەگاتە نزیکەی ھەزار حاڵەت، بۆیە پێویستە ھاووڵاتیان ئاگادار بن و رێکارەکانی پێویست بۆ رێگریکردن لە زیادبوونی حاڵەتەکان و نەھێشتنی ئەو نەخۆشییە بگرنە بەر.
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی گوتیشی، دوو رێگا ھەیە کە پێویستە کار بکرێت بۆ ئەوەی بتوانین رێگری لە نەخۆشیی کۆرۆنا بکەین و رێگە نەدەین زیاد بێت، چونکە کۆرۆنا خۆی ھێشتا ماوە و تەواو نەبووە، بەڵام حاڵەتەکان کەم ببوون، کەچی بەداخەوە ئێستا جارێکی دیکە لەو چەند ڕۆژەدا بەراورد بە ماوەی ڕابردوو، حاڵەتەکان زیاد بوون.
حەوێزی باسی لەوەش کرد، دوو رێگا ھەیە بۆ رێگریکردن و خۆپاراستن لە نەخۆشیی کۆرۆنا، ئەوانیش خۆپارێزی و جێبەجێکردنی رێنماییەکان، لەوانە بەستنی ماسک و دوورکەوتنەوە لە خەڵک و، رێگای دووەمیش وەرگرتنی ڤاکسینە، کە ئەوەش زۆر گرنگە بۆ ئەوەی پارێزراو بین و ناوی خۆمان تۆمار بکەین، بۆ ئەوەی ڤاکسین وەربگرین، ھەر چەندە خەڵک بەردەوام ناوی تۆمار دەکات، بەڵام پێویستە زیاتر بێت، چونکە تا ئێستا زیاتر لە ٢٠٠ھەزار کەس ناوی بۆ وەرگرتنی ڤاکسین تۆمار کردووە، بەڵام ئێمە خواستمان زیاترە و داوا دەکەین ھاووڵاتیان زیاتر خۆیان تۆمار بکەن، چونکە ئەوە فاکتەرێکە بۆ ئەوەی لە نەخۆشیی کۆرۆنا پارێزراو بین.
بڵند ئیبراھیم




