فەرەنسا ئیدانەی ھێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی ھەولێر دەکات

فەرەنسا -KDP.info- نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە وڵاتی فەرەنسا گوتی، وڵاتی فەرەنسا بەتوندی ھێرشەکانی سەر فرۆکەخانەی ھەولێر ئیدانە دەکات و پشتگیریی خۆیشی بۆ سەقامگیری و ئاسایشی ھەرێمی کوردستان دووپات دەکاتەوە.
عەلی دۆڵەمەری، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرەنسا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "حکوومەتی فەرەنسا لە ڕێگەی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەیەوە بەتوندی ئیدانەی ھێرشەکانی سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا و ھێرشەکانی سەر فرۆکەخانەی ھەولێر و بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە عێراق دەکات کە لە ماوەی ڕابردوو کراون.''
عەلی دۆڵەمەری گوتیشی: ''وڵاتی فەرەنسا پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ سەروەریی خاکی عێراق و سەقامگیری و ئاسایشی ھەرێمی کوردستان دووپات دەکاتەوە و بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردن.''
ئاماژەی بەوەش دا: "وڵاتی فەرەنسا بەردەوام دەبێت لە شەڕی دژی داعش لە چوارچێوەی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دا."
بڵند ئیبراھیم




