د. ڤیان سەبری:کۆمسیۆن لەسەر ھەڵبژاردن جددییە

ڕۆژانە ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق بەڕێوە دەچن و سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراقیش پێی وایە، کۆمسیۆن جددیە لە بەڕێوەبردنی ھەڵبژاردن ئەگەر ڕەوشی ئەمنی ڕێگە بدات.
د. ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان چەندین قۆناغی بڕیوە بۆ ئامادەکارییەکانی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق کە بڕیارە لە ١٠/١٠ی ئەمساڵ بەڕێوە بچێت، کۆمسیۆن چەندین جار دڵنیایی داوە کە ئامادەیە بۆ بەڕێوەبردنی پڕۆسەی ھەڵبژاردن لە کاتی دیاری کراوی خۆیدا، بەڵام ڕەوشی ئەمنی گرینگە بۆ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن."
سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی دەڵێت: "ئەگەر ھیچ ڕووداوێکی کتۆپڕ ڕوو نەدات ھەموو ئاماژەکان بۆ ئەوەن ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە کاتی خۆیدا بەڕێوە بچێت، من وای دەبینم ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بەڕێوە دەچێت و ھەموو ھەوڵەکانیش بۆ ئەوەن ھەڵبژاردن بکرێت."
لەبارەی کاریگەریی ھەڵبژاردن لەسەر پەیوەندیی نێوان ھەرێم و بەغدا، د. ڤیان سەبری ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ھێشتا زووە بڕیار لەسەر ئەوە بدەین ھەڵبژاردن چ کاریگەری دەبێت لەسەر پەیوەندیی ھەرێم و بەغدا، چونکە کات ماوە تا بڕیار لەسەر ئەوە بدرێت چی دەکرێت لەدوای ھەڵبژاردن."
قائید میرۆ




