پارێزگاری هەولێر: ئێستا لە قۆناغى زاڵبوونین بەسەر دیاردەى وشکەساڵى

ھەولێر-KDP.info- دواى کۆبوونەوەى ئەمڕۆ پێنجشەممە لەگەڵ قایمقامیەتى قەزاى ناوەندیى هەولێر، ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر لە پرێس کۆنفرانسێکدا ئاماژەى بۆ ئەوە کرد کە لە چوارچێوەى ئەو پارەیەى لەلایەن ئەنجوومەنى وەزیرانەوە بۆ پارێزگاکانى هەرێم تەرخان کراوە، لەناو شارى هەولێر ژمارەیەک پڕۆژە جێبەجێدەکرێن کە گوژمەیان شەش ملیار و 600 ملیۆن دینارە".
پاریزگاری هەولێر باسی لەوەش کرد: "ئەو پارەیە بۆ ئەم پرۆژانە بڕێکى کەمە، بەڵام هیوادارین بتوانین لەگەڵ باشتربوونى رەوشی دارایی هەرێمى کوردستان ئەو ئەرکە بگرێنە دەست کە پەرەپێدانى پارێزگاکان بچنە قۆناغێکى دیکەوە، بەتایبەت لە پارێزگاى هەولێر، ئەو پارەیەش کە تەرخان کراوە، تایبەت بە نۆژەنکردنەوەی شەقامەکان و کەرتی پەروەردە و تەندروستی دەبێت".
ئومید خۆشناو باسی لەوەش کرد: "لەبارەی دیاردەى وشکەساڵىیەوە کە هەنگاوى جدى بۆ نراوە، لە شارى هەولێر ژوورێکى کردەیی دروست کراوە کە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانى تێدا بەشدارن بۆ ئەوەى گرفتەکان دەستنیشان بکرێن و رۆژانە لە ماوەى ٤٨ کاتژمێردا بڕیاری لەبارەوە بدرێت و ئێستا لە قۆناغى زاڵبوونین بەسەر دیاردەى وشکەساڵى و لە چەند ڕۆژى داهاتوودا چەند بیرێک چاک دەکرێنەوە و چەند بیرێکى تازەش لێدەدرێن".
لەبارەى کەمئاویى هەولێریش پارێزگارى هەولێر ڕوونى کردەوە: "هەولێر شایانى خزمەتى زیاترە، ئەوانەى کە گوایە ئاو دابەش دەکەن ئەگەر وەک سۆزڕاکێشان بێ ئەوە جیایە، ئەگینا دامەزراوەکانى حکوومەتیش ئەرکى خۆیان جێبەجێ کردووە، بەڵام ئەوە ئەرک بووە بۆیە باسمان نەکردووە. راستە هەولێر گرفتى ئاوى هەبووە، بەشێک لە بیرەکانیش گرفتى کارەبان هەبووە".
ئومێد خۆشناو باسی لەوەش کرد: "هەر کەسێک لە سنووری پارێزگای هەولێر کارێکی خێرخوازی و مرۆیی بکات جێگای ڕێزە، بەڵام با ئاراستەی پرسەکان بەلای بابەتێکی دیکەدا نەبردرێن کە گوایە حکوومەت توانای نییە، ناو حکوومەت توانای هەیە، ئەوەی کە کراوە، حکوومەت و تیمەکانی حکوومەت کردوویانە، بەڵام ئێمە ئەرکی خۆمان جێبەجێ کردووە، با خەڵکانێک بەو ئاراستەیەدا نەیبەن کە پێیان وابێت بە چەند تەنکەرە ئاوێک سۆزی شارێک بەدەست دەهێنێت، شاری هەولێر سۆزی بەو کەسانە دەدات کە لە ڕابردوودا دەزانێت چ خزمەتێکیان پێشکەش کردووە".
ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوەش کرد: "لەبارەی ئاو دابەشکردنیش ئێمە ناچارین کە ڕێوشوێنی دیکەش بگرینە بەر چونکە ئەوە پەیوەندیی بە ژیان و تەندروستیی خەڵکەوە هەیە کە دەبێ بزاندرێت سەرچاوەی ئاوەکەی لە کوێیە؟ گەڕەکێک ئاوی بەسەردا دابەش دەکرێت، دەبێ بزاندرێت ئەو ئاوە بە چ شێوەیەک دابین کراوە، چونکە بابەتەکە پەیوەندیی بە تەندروستیی خەڵکەوە هەیە، بۆیە ئێمە بە هەڕەمەکی ڕێگە نادەین هەر کەسەو بێت و ئاو دابەش بکات، ئەوە پرسیارە ئایا ئەو تانکەرەی ئاوی پێ دابەش دەکرێت، تانکەری تایبەت بە ئاوە؟"
پارێزگاری هەولێر گوتیشی: "بە سوپاسەوە دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە سەرەتای دروستبوونی ئەم کێشەیەوە ئەوان ئامادەیی خۆیان دەبڕی کە تیمەکانیان بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر ئاو بۆ خەڵک دابین بکەن، دیسان جەخت دەکەمەوە کە هەر کارێکی خێرخوازی لە شاری هەولێر بکرێت دەبێ ڕێکوپێک و ڕێکخراو بێت، هەولێر بۆ خۆی خەڵکەکەی خێرخوازە و حەزیان لە کاری خێرخوازییە، بەڵام ئەگەر بەو جۆرە وێنا بکرێت و دەزگای ڕاگەیاندنی گەورەی لە پشت بێت کە هەولێر ژیانی تێدا نەماوە، بێ واتایە، ڕاستە گرفتی ئاو هەبووە، بەڵام ڕاستییەکە وا نەبووە کە باس کراوە، بەڵام تیم و لایەنەکانی حکوومەت سەرقاڵی کارن".
ڕاشیگەیاند: "لەم پرسەدا تەنیا گرفتی ئاو نییە، بەڵکوو گرفتی کارەباش هەیە، هەندێک لە بیرەکان کارەبای نیشتمانییان نەبووە و ئێستا تیمەکانی ئێمە خەریکن کارەبای مۆلیدەی گەڕەکی بۆ دابین دەکەن، بەڵام جەخت دەکەمەوە کە بابەتە بەو جۆرە نەبوو کە ئەوەندە لە دەزگا میدیاییەکان شتەکە شێوێندراو و بە چەند تانکەرە ئاوێکەوە دیسان موزایدە کرا، ئێمە دەڵێین ڕێز لە هەموو کارێکی خێرخوازی دەگرین، بەڵام دەزانین ئەوە کاری حکوومەتە و کاری کەسێک نییە کە هەر لە خۆیەوە ئاو بەسەر خەڵکدا دابەش بکات، چونکە دابینکردنی ئاو ئەرکە لەسەرشانی ئێمە و نە لێی ڕادەکەین و بە هەر جۆرێکیش بێت ئێمە خەڵکی هەولێر دڵنیا دەکەینەوە کە ئێمە ئێستا لە قۆناغی کۆنترۆڵ و زاڵبوونداین و چەند ڕۆژێکی دیکە ئەو گرفتە بەدڵنیاییەوە نامێنێت".
لەبارەی دروستکردنی پرۆژەکانیش پارێزگاری هەولێر گوتی: "ئەو پرۆژانەی کە دروست دەکرێن، بەشێکیان ئەو پرۆژانەن کە نیوەچڵن و بەشێکیشیان پرۆژەی نوێن و لە سێکتەرە جیاوازەکاندان کە تەرکیز زیاتر لەسەر نۆژەنکردنەوە و چاککردنی شەقامەکانە، هەروەها نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان و بواری پەروەردەشدا کار دەکرێت، بەڵام بەشی زۆری لە ڕێگەوبانە و شەقامەکانن کە لەڕێگەی شارەوانییەکانەوە جێبەجێ دەکرێن".




