کۆنفرانسێکی پەروەردەیی لە ھەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت

ھەولێر-KDP.info- ئەندامێکی لیژنەی ئامادەکاریی کۆنفرانسی پەروەردەیی گوتی، بۆ سێ مەبەست کۆنفرانسێکی پەروەردەیی بەڕێوە دەچێت، ئەوانیش پرۆسەی خوێندن دوای دوو ساڵ لە کۆرۆنا و قەرەبووکردنەوەی خوێندن و ڕاھێنانی مامۆستایان و حاڵەتی دەروونیی قوتابییان.
ھۆشیار حاجی، ئەندامی لیژنەی ئامادەکاریی کۆنفرانسی پەروەردەیی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "بڕیارە لە مانگی ٨ کۆنفرانسێکی پەروەردەیی لەلایەن یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بە ئاگاداریی وەزارەتی پەروەردە بەڕێوە بچێت و تێیدا گفتوگۆ لەبارەی سێ تەوەری سەرەکیی پێوەندیدار بە پەروەردە دەکرێت."
ھۆشیار حاجی گوتیشی: "تەوەرەکانیش بریتین لە پرۆسەی خوێندن دوای دوو ساڵ لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و چۆنیەتیی قەرەبووکردنەوەی پرۆسەی خوێندنی فەوتاو و حاڵەتی دەروونیی قوتابییان و ڕاھێنانی مامۆستایان، بۆیە ئێستا ئامادەکاری دەکرێت بۆ ئەوەی کۆنفرانسەکە بەڕێوە بچێت، چونکە بەپێویست و گرنگی دەزانین."
گوتیشی: "تا کاتی کۆنفرانسەکە ئێمە وەکوو یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان ھەموو ئامادەکارییەک دەکەین."
بڵند ئیبراھیم




