٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"لە ھەر پارێزگایەک پێنج بەنداو درووست دەکرێت"

سەرچاوە: KDP.info

بڕیارە لە چوارچێوەی پلانی بەرەنگاربوونەوەی وشکەساڵیدا ژمارەیەک پڕۆژە جێبەجێ بکرێت و بەرپرسێکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش ئاشکرای کرد، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەت ڕەزامەندیی  نیشانداوە بۆ ئەوەی لە ھەر پارێزگایەک پێنج بەنداو درووست بکرێت.

وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پلانی حکوومەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی وشکەساڵی ئاشکرا کرد و ڕاگەیاند: "حکوومەتی ھەرێم پلانی داناوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی وشکەساڵی و لەو چوارچێوەیەدا ژمارەیەک بەنداو درووست دەکرێت و لە ھەر پارێزگایەکیش دەریاچەیەک بۆ گلدانەوەی ئاو درووست دەکرێت."

ئەندازیار ھێژا عەبدولواحید، بەڕێوەبەری ئاودێریی پارێزگای دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "وەزیری کشتوکاڵ و بەڕێوەبەری پارێزگاکان بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی وشکەساڵی کۆ بوونەتەوە و تێیدا وەزیری کشتوکاڵ پێی ڕاگەیاندووین کە مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕەزامەندیی نیشان داوە بۆ ئەوەی لە ھەر پارێزگایەکی ھەرێم پێنج بەنداو درووست بکرێت."

بەڕێوەبەری ئاودێریی دھۆک گوتی: "ئێمە لە سنووری پارێزگای دھۆک پێشنیاری خۆمان داوەتە حکوومەت بۆ درووستکردنی پێنج بەنداو و چاوەڕێی لایەنی پەیوەندیدارین بۆ ئەوەی پڕۆژەکان بکەونە بواری جێبەجێکردنەوە."

ئەندازیار ھێژا عەبدولواحید ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ئاستی ئاوی ژێرزەوی و سەرزەوی بەھۆی وشکەساڵییەوە بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و درووستکردنی ئەو پێنج بەنداوە کاریگەریی لەسەر کەرتی کشتوکاڵ و ئاژەلداری لە سنووری دھۆک دەبێت، لەبەر ئەوەی تا ڕادەیەک ئاو بۆ پڕۆژەکانی کشتوکاڵ دابین دەکرێت."

قائید میرۆ


 

هەواڵی پەیوەندیدار