٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د. محەمەد شوکری: زیاتر لە ١٥٠٠ پڕۆژەی وەبەرھێنان ڕادەگەیەنین

سەرچاوە: KDP.info

ئەمڕۆ (چوارشەممە، ٧/٧/٢٠٢١) سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، لە کابینەی نۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان تەنیا لە ڕێگەی وەبەرھێنانەوە زیاتر لە ٢٠٠ ھەزار ھەلی کار بۆ ھاووڵاتییان دابین دەکات و دەشڵێت، لە چەند ڕۆژی داھاتوو ڕێبەری وەبەرھێنان بەردەست دەبێت و ١٥٠٠ پڕۆژەی نوێی وەبەرھێنانی تێدایە.

د. محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان لەبارەی تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر پێکھێنانی کابینەی نۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی: "مۆڵەتی نوێ بە ١٣٣ پڕۆژەی وەبەرھێنان دراوە و ٧٢٩ پڕۆژەی دیکەش بە گوژمەی ھەژدە ملیار دۆلار پەسەند کراون و لە ئایندەیەکی نزیکدا بەپێی ڕێکارەکانی مۆڵەتیان پێ دەدرێت.''

لەبارەی دابینکردنی ھەلی کار سەرۆکی دەستەی گشتی وەبەرھێنان دەڵێت: "ئێمە لە چوارچێوەی پلانی وەبەرھێنان مەزەندەی ئەوەمان کردووە ٢٠٠ ھەزار ھەلی کاری نوێ بۆ ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان دابین دەکرێت، بەڵام لەو ژمارەیە بەرەو سەرەوە ھەلی کار دابین دەکرێت، لەبەر ئەوەی دەست بە جێبەجێکردنی زۆنی پیشەسازی کراوە، لە دھۆک ناوچەی پیشەسازی قۆناغی باشی بڕیوە و ٢٢٧ شوێن و کارگەی نوێ دادەمەزرێن لە ھەموو ناوچەکانی دیکەی سلێمانی و گەرمیان و ھەولێر و ڕاپەڕین جێبەجێ دەکرێن.''

د. محەمەد شوکری جەختی کردەوە: "ژمارەی سەرجەم پڕۆژە مۆڵەتپێدراوەکانی وەبەرھێنان دەگاتە یەک ھەزار و ١٠٠ پڕۆژە و زیاتر لە ١٠٠ ھەزار ھەلی کاریان تێدایە."

لە کۆتاییدا سەرۆکی دەستەی گشتیی وەبەرھێنان گوتی: "لە چەند ڕۆژی داھاتوو ڕێبەری وەبەرھێنان بەردەست دەبێت و تێکرای ئەو پڕۆژانەی پێویستن بۆ ھەرێمی کوردستان لە ھەرسێ کەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵ و گەشتوگوزاری تێدایە و کە لە سەرووی یەک ھەزار و ٥٠٠ وەبەرھێنانی نوێ دەبێت."

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار