٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئومێد خۆشناو: پڕۆژەکان دەبەینە ناوچەکانی دەوروبەری ھەولێر

سەرچاوە: KDP.info

ئەمڕۆ سێشەممە پارێزگاری ھەولێر قەزای خەباتی بەسەر کردەوە و تێیدا ئاشکرای کرد، بە گوژمەی نزیکەی پێنج ملیار دینار پڕۆژە لە سنووری قەزای خەبات جێبەجێ دەکرێت.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر، سەردانی قەزای خەباتی کرد و لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "دڵنیایی بە خەڵکی دەوروبەری ھەولێر دەدەین، پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی پارێزگای ھەولێر بۆ ھەموو سنووری پارێزگای ھەولێرە، نەک تەنیا ناوشار و پڕۆژەکانمان زیاتر بۆ گەڕەکە ھەژارنشینەکانە."

پارێزگاری ھەولێر گوتی: "لە چوارچێوەی دەستپێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی سنووری پارێزگای ھەولێر لەسەر بوودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکەمان بە گوژمەی چوار ملیار و ٨٠٠ ملیۆن دینار دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری دەکرێت لە سەنتەری قەزای خەبات و ناحیەکانی ئەو قەزایە."

لەبارەی نۆژەنکردنەوەی ڕێگای سەرەکیی خەبات-ھەولێر. ئومێد خۆشناو ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "پلانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوەیە ھەموو ڕێگا سەرەکییەکانی ھەرێمی کوردستان نۆژەن بکاتەوە، ئێمە پێشتر توانیومانە ڕێگای ھاتن لە خەبات بۆ ھەولێر نۆژەن بکەینەوە و لە بەرنامەی ئێمەدایە ئەو ڕێگایە لە چوارچێوەی پلانی نۆژەنکردنەوەی ڕێگا سەرەکییەکان دابنێین، چونکە ڕێگایەکی نێودەوڵەتی و گرینگە."

قائید میرۆ


 

هەواڵی پەیوەندیدار