٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"لە سنووری دھۆك ٩٢%ی كارتەكانی دەنگدان دابەش كراون"

سەرچاوە: KDP.info

دهۆك-KDP.info- كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكان بەردەوامە لە دابەشكردنی كارتی بایۆمەتریی دەنگدان و بەرپرسی ئۆفیسی دھۆكی كۆمسیۆنیش دەڵێ، رێژەی دابەشكردنی كارت لە سنووری پارێزگای دھۆك گەیشتووەتە ٩٢% و لە ئێستاشدا تەنیا ٤٠ ھەزار كارت لە بنكەكانی كۆمسیۆن ماون.

 

خالید دۆسكی، بەرپرسی ئۆفیسی دھۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "رێژەی وەرگرتنی كارتی بایۆمەتری لەلایەن دەنگدەرانەوە گەیشتووەتە ٩٢% و رۆژانەش بنكەكانی كۆمسیۆن بەردەوامن لە دابەشكردنی كارتی بایۆمەتری و تیمەكانمان پەیوەندی بە خاوەن كارتەكانەوە دەكەن بۆ ئەوەی سەردانی بنكەكانی كۆمسیۆن بكەن بۆ وەرگرتنەوەی كارتەكانیان".

 

بەرپرسی ئۆفیسی پارێزگای دھۆك گوتیشی: "تا ئێستا تەنیا ٤٠ ھەزار كارتی بایۆمەتری دەنگدان لە بنكەكانی ئێمە ماون بۆ دابەشكردن و پێشبینی دەكرێت تا چەند رۆژی داھاتوو ئەوانیش دابەش بكرێن".

 

لەبارەی تۆماركردنی ناوی كارمەندانی رۆژی ھەڵبژاردن، دۆسكی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "پڕۆسەی خۆتۆماركردن بۆ سەر سندووقەكانی دەنگدان بەردەوامە و تا ئێستا ٢٥ ھەزار كەس لە رێگەی ئۆنلاینەوە ناوی خۆیان تۆمار كردووە، پشكی پارێزگای دھۆكیش ١٠ ھەزار كارمەندە و تۆماركردنیش تا سەرەتای مانگی ئاب بەردەوام دەبێت".

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار