حیکمەت محەمەد: هێزی پێشمەرگە یەک سەرچاوەی بڕیاری دەبێت

ھەولێر-KDP. info- پرۆسەی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە دەستی پێ کردووە و ئەندامێکی لیژنەی پێشمەرگەش دەڵێت، هەموو هێزەکان دەخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە و یەک مەرجەعیان دەبێت.
حیکمەت محەمەد، ئەندامی لیژنەی پێشمەرگەی پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "هەنگاوەکانی یەکگرتنی هێزی پێشمەرگە جێگەی دڵخۆشین، چونکە بۆ جاری یەکەمە بە کردار هێزەکانی دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە دەخرێنە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەوە، بەتایبەتی ئێستا هەردوو هێزی پشتیوانیی یەک و دوو خراونەتە سەر وەزارەت."
ئەندامەکەی لیژنەی پێشمەرگە دەڵێت: "تێکەڵکردنی هێزەکانی پێشمەرگە دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی هەموو هێزەکانی دیکە بخرێنە سەر هەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ."
حیکمەت محەمەد ڕوونی کردەوە: "یەکێک لە کاریگەرییەکانی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە ئەوەیە یەک سەرچاوەی بڕیاری دەبێت، واتە مەرجەعی هێزە چەکدارەکان فەرماندەی گشتیی هێزە چەکارەکان دەبێت و وەک پێشتر چەندین هێز و سەرچاوەی بڕیاری نابێت، ئێمەش لە پەرلەمان چاودێریی یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە دەکەین."
قائید میرۆ




