بەئەلیکترۆنیکردنی ٧٥%ی فەرمانگەکانی دادنووسی لە ھەرێمی کوردستان تەواو بووە

ھەولێر-KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی دادی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، بەئەلیکترۆنیکردنی فەرمانگەکانی دادنووسی لە ھەرێمی کوردستان کەوتووەتە بواری جێبەجێکردن و ئێستا ٧٥%ی تەواو بووە و تا کۆتاییی ساڵ ھەمووی تەواو دەبێت، ئەمەش ئاسانکاریی زۆری بۆ ھاووڵاتی کردووە و لە ھەموو ڕوویەکەوە لە خزمەتی ھاووڵاتیدایە.
نەریمان تاڵیب، گوتەبێژی وەزارەتی دادی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "بەئەلیکترۆنیکردنی فەرمانگەکانی دادنووسی لە ھەرێمی کوردستان یەکێک بوو لە پڕۆژە گەورەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ماوەی دوو ساڵ زیاترە لەگەڵ کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت کاری لەسەر دەکرێت و ئێستا لە ھەرچوار پارێزگای کوردستان فەرمانگەی دادنووسەکان بەئەلیکترۆنی کراوە و لە ھەندێک شار و شارۆچکەکانیش دەستمان پێ کردووە و ھەوڵ دەدەین تا کۆتاییی ساڵ تەواوی فەرمانگە دادنووسەکان بەئەلیکترۆنی بکرێن، چونکە تا ئێستا ٧٥%یان بەئەلیکترۆنی کراوە."
نەریمان تالیب گوتیشی: "ئەو سیستەمە بە ھەنگاوێکی نوێ دادەنرێت لە بواری بەئەلیکترۆنیکردنی فەرمانگەکانی دادنووسی و تازەکردنەوەی ئەو ڕێکارانەیە کە جاران بە شێوەیەکی کلاسیکی دروست دەکرا و بە دەستنووس دەکرا، یاخود ئەبلیکەیشن پڕ دەکرایەوە و پێویست بوو ئیمزا بکرێت و ئێستا ئەو شتانە نەماوە و ھەموو لە ڕێگەی ئەلکترۆنییە، ئەمە وا دەکات تەزویر نەمینێت و کواڵێتیی زۆر بەرزە و کارەکانی خێراتر کردووە و چەندین ھەنگاوی لا بردووە، ئەمەش ڕۆڵێکی باشی ھەیە کە ڕۆتین کەم دەکاتەوە و ھاووڵاتییان دەتوانن خێرا کارەکانیان جێبەجێ بکەن و بەڵگەنامەکانیان دەست کەوێت."
تالیب باسی لەوەش کرد: "ئەگەر ھاووڵاتی لە دەرەوەی وڵاتیش بێت، دەتوانێت کۆپییەک لەو بەڵگەنامەیە وەرگرێت لە دادنووس و لە ڕووی ئەوەی نرخەکەشی وەکوو جارانە، بەڵام بە سەریەکەوە وەردەگیرێت و وەکو پێشتر نییە لە چەند شوێنێک پارە بدات تا کارەکەی تەواو بێت، ئێستا ئەوە کۆ کراوەتەوە و پێویست ناکات بچێت وێنە بگرێت و لەوێ کۆمپیۆتەر ھەیە و وێنەی لەوێ بۆ دەگرن و ھاووڵاتی دەچێتە شوێنێکی پاک و لە ھاوین فێنک و لە زستان گەرم، ئەمەش بۆ ماندووبونی ھاووڵاتی کەمی کردووە و ئێستا لە ھۆڵێک کارەکانی بۆ دەکرێت، بۆیە بەگشتی لە خزمەت ھاووڵاتییاندایە."
گوتیشی: "ئێمە بەردەوام دیراسەی دەکەین لە کوێ کەموکووڕی ھەبێت و ھاووڵاتی پێویستی تازەی ھەبێت، چارەسەری دەکەین و پێشی دەخەین و ھیوادارین لە داھاتوودا ھەمووی حکوومەت بەو شێوەیە بێت."
بڵند ئیبراھیم




