خەڵك و نیشتیمانپەروەرانیش بەحەماسن بۆ ئەوەی پارتی سەركەوێت

مەخموور-KDP.info- بەرپرسی لقی پارتی دیموكراتی كوردستان لە مەخموور رایگەیاند، بۆ ھەڵبژاردنەكان خۆمان لە سنووری مەخموور باش ئامادە كردووە و خەڵكیش بە ھۆی ئەو داگیركارییەی لە مەخموور ھەیە، زۆر بە حەماسن بۆ ئەوەی بەشداری لە ھەڵبژاردنەكاندا بكەن وەكو تەحەددایەك بۆ ئەو داگیركارییەی لە مەخموور ھەیە، چونكە ئەم دۆخەیان قبووڵ نییە و دەزانن بەزۆر بەسەریاندا سەپێندراوە.
كرمانج عەبدوڵڵا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئێمە ئامادەكاریی خۆمان بۆ ھەڵبژاردن كردووە و خۆمان لەگەڵ دۆخەكەدا دەگونجێنین، ھەرچەندە رەِنگە ھەندێك سەخت بێت بە ھۆی رێگریی حەشدی شەعبی و جموجۆڵی داعش لە ناوچەكە، بەڵام خۆمان ئامادە كردووە و ئومێدی ئەوە دەكەین سەركەوتوو بین و ھەرچی پێویستیش بێت، دەیكەین".
بەرپرسی لقی پارتی دیموكراتی كوردستان لە مەخموور گوتیشی: "لە سنووری مەخموور دوو كاندیدمان ھەیە و بۆ ئاوارەكانیش دەتوانن ھەر یەكەیان لە شوێنی خۆیان دەنگ بدەن، ئەگەر كێشەیان بۆ دروست نەكرێت و ئەم جارەش كار دەكەین بۆ ئەوەی بچن، چونكە خەڵكیش خۆی گەرموگوڕە بۆ ئەوەی وەكو تەحەددایەك بۆ ئەو داگیركارییەی لە مەخموور ھەیە، دەنگ بە پارتی بدەن، بۆیە خەڵك ئەمجارە بەحەماسەوە بەشداری لە ھەڵبژاردنەكاندا دەكەن".
عەبدوڵڵا روونیشی كردەوە: "دوای داگیركردنی مەخموور و رووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر، خەڵكی كورد و نیشتیمانپەروەر زۆر بەحەماسن بۆ ئەوەی پارتی لە ھەڵبژاردنەكاندا سەركەوێت، چونكە دەزانن تەنها پارتییە تەحەددای ئەو دۆخە دەكات و داگیركاریی قبووڵ نییە، بۆیە خەڵك لەو رووەوە ھەستی كوردبوون و نیشتمانپەروەرییان زۆر بەرزە و ئومێدمان ھەیە بۆ بەشداری لە ھەڵبژاردندا رێژەكە باش بێت".
دەشڵێ، خەڵكێكی زۆر كارتی دەنگدانیان وەرگرتووەتەوە، بۆ ئەوەی بەشداری لە ھەڵبژاردندا بكەن.
بڵند ئیبراھیم




