حکوومەت ٢ ملیار و نیوى بۆ چارەسەرى کێشەى ئاو تەرخان کردووە

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەرى گشتیى ئاو و ئاوەڕۆکانى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، کە بۆ کێشەى ئاوى هەولێر بە تایبەتى و کوردستان بە گشتى، لیژنەى تایبەتبەتمەند دروست کراون بۆ بەدواداچوونى کێشەى بیرەکانى ئاو و راکێشانى ئاو.
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەرى گشتىی ئاو و ئاوەڕۆکانى هەرێمى کوردستان لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەنووسیدا گوتى: لە سەرەتاى ئەم وەرزەوه وشکەساڵى ڕاگەیاندرا و ئێستاش وشکبوونى کانیاو و بیرەئاوەکانى ناوچە شاخاوییەکانە، کە بابەتەکە لە ناوچەییەوە بووهتە گشتگیر بۆ سەرانسەرى کوردستان.
باسی لەوەش کرد کە داواى ٣٠ ملیار دیناریان کردووە بۆ چارەسەرى ئەو گرفتانە، تا ئێستا حکوومەت ٢ ملیار و نیوى تەرخان کردووە و ئێمەش کارى پێدەکەین.
هەروەها گوتی: پێویستە هاووڵاتیانیش ڕەچاوى ئەو دۆخە بکهن، چونکە ڕۆژانە نزیکە ٢ ملیۆن و ٢٥٠ هەزار مەتر سێجا ئاو بۆ هەرێمى کوردستان دابین دەکرێت لە ڕێگەى ٥٧٠٠ بیر و ٩١ پرۆژەى بچووک و گەورە و ستراتیژى، کە ئەو پڕۆژانەش لە وەرزە فێنکەکان %٧٠ ى توانایان و لە وەزرى هاوینان %١٠٠ى توانایان دەخرێتە گەڕ، بەڵام هاووڵاتیان کەمترین پابەندییان بە بەستنى پێوەر و تەوافەى تانکییەوە هەیە. جگە لەوەى بۆ ئاودان و شوشتنى زیادەش ئاو بەهەدەر دەدرێت.
بەڕێوەبەرى گشتیی ئاوى هەرێمی كوردستان ئاشکراى کرد کە لە سنوورى پارێزگاى هەولێر ٣٥ بیر ئاویان تێدا نەماوە و پێش بینى دەکرێت تا کۆتایی ئەم وەرزە ١٠ تا ١٥ بیری تریش ئاویان نەمێنێ، بۆیە داوا کراوە ٦ لەو بیرانە کاریان لەسەر بکرێت چارەسەر بکرێن. ئەوە جگە لەوەى کە ٧٥ تا ٨٠ بیری تریش ئاستى ئاویان دابەزیوە و پێشبینى دەکرێت بگاتە ١٢٠ بیر، بۆ ئەو مەبەستەش تا گرفتەکان چارەسەر بکرێت دەستى بەڕێوەبەرایەتییەکانى ئاو کراوەتەوە و بە تانکەریش ئاو دابەش دەکرێت.




