٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

''بەسەربازکردنی منداڵان لەلایەن پەکەکەوە بووەتە بابەتێکی جیهانی''

سەرچاوە: KDP.info

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، پەکەکە سەدان منداڵی لە شنگال کردووەتەوە چەکدار و بوونەتە ئەندامی یەپەشە کە گرووپێکی سەر بە پەکەکەیە و بۆ شەڕ دەیاننێرنە تورکیا و چیای قەندیل.

فارس ئۆسمان عومەر، گەنجێکی تەمەن ١٥ ساڵی خێرلەخۆنەدیوی ئێزدی، خەڵکی شنگال بوو، ئەمە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە چارەنووسی دیار نییە و باوکەکەی ''پەکەکە'' بە ڕفاندنی تۆمەتبار دەکات.

ئۆسمان عومەر، باوکی فارس، لە شنگال نیشتەجێیە و بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "کاتژمێر ٨ی بەرەبەیانیی دوو ساڵ پێش کوڕەکەم لە ماڵ بوو، تەلەفونێکی بۆ هات، بە منی گوت، دەچێتە دەرەوە و دواتر دەگەڕێتەوە، لەو ڕۆژەوە لە ماڵ دەرچووە و نەگەڕاوەتەوە."

ئۆسمان عومەر، باوکی فارس گوتی: "پەکەکە پەیوەندییان پێوە کردم و گوتیان کوڕەکەت لە لامانە و لە قەندیلە. تەنیا ئەوەندە دەزانم کە کوڕەکم ماوە و ناویان گۆڕیوە و کردوویانە بە هەڤاڵ فەرهاد و وێنەیان بۆ من ناردووە، بەڵام ئەمە دوو ساڵە قسەم لەگەڵ کوڕی خۆم نەکردووە و ئەمە برینێکی گەورەیە."

باوکی فارس دەشڵێت: "ئەمە دوو ساڵە هیچ شوێنێک نەما من داوای لێ نەکەم، چوومەتە هەموو بارەگاکانی پەکەکە لە شنگال، کەچی کوڕەکەم نادەنەوە. نازانم چۆن دڵیان دێ منداڵێک لە باوەشی دایک و باوکی بڕفێنن، مێشکی کوڕەکەمیان شووشتووە، ئەمە کردەوەکانی پەکەکەیە.''

ئەو هاووڵاتییە ئێزدییەی شنگال گوتیشی: ''خۆم کرێکارم و ئەمە دوو ساڵە کوڕەکەم لەگەڵ من و دایکی قسەی نەکردووە، لەو ڕۆژەشەوە دایکی نەخۆش کەوتووە، لە قیادەی عەمەلیاتی ڕۆژئاوای نەینەوا سکاڵام تۆمار کردووە، بەڵام بێسوود بووە، ئەوانیش ناتوانن هیچ لەگەڵ پەکەکە بکەن.''

ئۆسمان عومەر زیاتر گوتی: ''هەموو ماڵ و موڵکی خۆمیان پێ دەدەم، تەنیا کوڕەکەم بگەڕێننەوە، کەچی ئەوان سەرباری هەموو شتێک سووکایەتیمان پێ دەکەن. داوا لە ڕێکخراوە جیهانییەکان دەکەم کوڕەکەم لە دەست پەکەکە ڕزگار بکەن.''

خەڵکی شنگال چەندین جار خۆپێشاندانیان کردووە و خێزانەکان داوای منداڵەکانیان لە پەکەکە دەکەن. سەعدوون زەرۆ، گوتەبێژی ماڵی ئێزدییان لە چیای شنگال، دەڵێت: "چەندین منداڵی ئێزدی لەلایەن پەکەکەوە ڕفێندراون و خێزانەکانیان هیچ هەواڵیان لێ نازانن، ئەمە چەندین جارە خۆپێشاندان دەکەین، هەموو کارێک دەکەین، تەنیا پەکەکە ئەم منداڵانە بگەڕێنێتەوە، بەڵام پەکەکە بە ملهوڕی نایانداتەوە."

زەرۆ دەڵێت: "ناوی هەموو ئەو منداڵانەی پەکەکە ڕفاندوونی بە بەڵگەوە لەلامانن و دەمانەوێت ڕادەستی هەموو لایەنە جیهانییەکانیان بکەین، بۆ ئەوەی ئەم منداڵانە بگەڕێننەوە نێو خێزانەکانیان."

هەر لەم بارەیەوە ئەمەریکاش هاتە سەرهێڵ و ڕایگەیاند، پەکەکە منداڵان چەکدار دەکات.

له‌ ڕاپۆرتی ساڵانه‌ی وەزارەتی دەرەوەی ئەمه‌ریکادا هاتووه‌، پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌)، منداڵان چه‌كدار ده‌كات و به‌ زۆره‌ملێ ده‌یانباته‌ ڕیزه‌كانی خۆی و ده‌یاننێرێته‌ ناوچه‌كانی شەڕ.

لە ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکادا ئاشکرا کراوە کە ''پەکەکە سەدان منداڵی لە شنگال کردووەتەوە چەکدار و بوونەتە ئەندامی یەپەشە کە گرووپێکی سەر بە پەکەکەیە و بۆ شەڕ دەیاننێرنە تورکیا و چیای قەندیل.''

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: ''یەپەگە کە گرووپێکی سەر بە پەکەکەیە، بەردەوامە لە چەکدارکردنی ئەو کوڕ و کچانەی تەمەنی هەندێکیان تەنیا 12 ساڵە.''

 

کــاروان بــاعەدری

هەواڵی پەیوەندیدار