عەلی رەشید بۆ KDP: ھەمووان پێویستیان بە دەنگی پارتییە

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر رایگەیاند، ئەم ھەفتەیە دەنگدان بۆ دیاریکردنی سەرۆکایەتیی لیژنەکانی ئەنجومەنی پارێزگا دەکرێت و دواتر دەستبەکار دەبن و چاودێریی کارەکانی حکوومەت دەکەن، بە تایبەت کە ئێستا لە ھەولێر کۆمەڵێک پڕۆژە ئەنجام دەدرێن.
عەلی رەشید، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا ژمارەی لیژنەکانی پارێزگا لە ١٥ لیژنەوە بۆ ١٠ لیژنە کەم کرایەوە و لیژنەکان لێک دران، ئەم ھەفتەیە سەرۆکایەتیی لیژنەکان و سەرۆک و جێگر و بڕیاردەری لیژنەکان دیاری دەکرێت، ئەوەش بەپێی رێککەوتن دەبێت و کە دیاری کرا، دەنگی لەسەر دەدرێت، بۆیە فراکسیۆنەکان رێککەوتن دەکەن ھەر لیژنەیەک بەر کێ بکەوێت، بەڵام بۆ دەنگدان ھەمووان پێویستیان بە دەنگی پارتییە بۆ ئەوەی سەرۆکایەتی یان جێگر یاخود بڕیاردەری لیژنە وەربگرن.
رەشید گوتیشی: "ئێمە لیژنەکانمان لێک داوە، بۆ نموونە لیژنەی چاودێری و دەستپاکی لەگەڵ لیژنەی دارایی لێک درا و لیژنەی رۆشنبیری و وەرزش لەگەڵ لیژنەی پەروەردە لێک درا و لیژنەی ئاوەدانکردنەوە و وەبەرھێنان بووە یەک و گواستنەوە و شارەوانیش بوونە یەک لیژنە".
سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر ڕوونیشی کردەوە، لەم ھەفتەیەدا لیژنەکان دەستبەکار دەبن و دەست بە چاودێریکردنی کارەکانی حکوومەت دەکەن، چونکە لە سنووری پارێزگای ھەولێر کۆمەڵێک پڕۆژە کەوتوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە و چاودێریی جێبەجێکردنیان دەکرێت.
بڵند ئیبراھیم




