٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

خاوەن خەڵاتی شاژنە دیانا: پیرۆزبایی سەرۆکی ھەرێم خەلاتێکی تربوو بۆمن

سەرچاوە: KDP.info

دوای سەرهەڵدانی شەڕی سووریا، ڕۆدی عەلی، کچە کوردی عەفرینی، وڵاتەکەی بەجێ دە‌هێڵێت و لە شاری مۆنستری ئەڵمانیا نیشتەجێ دەبێت و، لەوێ دەست بە خوێندن و کارە خۆبەخشییەکەی دەکات بۆ ئەوەی ببێت بە دەنگی پەنابەران و کۆچبەران.

ڕۆدی عەلی، کچێکی گەنجی تەمەن ٢٥ ساڵە و هەر لە تەمەنی گەنجیدا شار و کەسوکارەکەی بەجێ دەهێڵێت و دەبێتە پەنابەر لە وەڵاتێک کە هیچ شتێکی لێ نازانێت.

ڕۆدی لەگەڵ لێشاوی کوردان لەدوای شەڕ و کاولکارییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان ڕووی کردە ئەورووپا کە هەموو ئامانجیان ڕزگارکردنی گیانیان بوو.

''نەمویست شارەکەم بەجێ بهێڵم، بەڵام ڕەوش خراپ بوو، ئێستاش هەر دڵم لای شارەکەمە''. ڕۆدی وا دەڵێت.

دوایی ڕەنج و ماندووبونێکی زۆر کۆڵ نادات و فێری زمانی ئەڵمانی دەبێت و دەچێتە نێو خەڵک و پەنابەرن دەبینێت و هاوکارییان پێشکێش دەکات.

ڕۆدی کە گەیشتە ئەڵمانیا دەستی بە کاری کۆمەڵایەتی و مرۆیی و خێرخوازی کرد و بەردەوام بوو، دوای هەموو ئەم کار و چالاکییانە، خەڵاتی ساڵی ٢٠٢١ی شاژنە دیانای بەریتانیای پێی بەخشرا.

ڕۆدی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''سەرەتا کە هاتمە ئەڵمانیا قۆناغێکی سەخت بوو، زمانم نەدەزانی، بەڵام هەر هەوڵم دا خۆم بگونجێنم و توانیم لەو قۆناغەوە تێپەڕ بم و هەموو ئامانجم ئەوە بوو بتوانم هاوکاریی پەنابەران بکەم و خزمەتێک بەوانە بکەم کە ناتوانن هیچ بکەن و هیچ کەسیان نییە.''

کاتێک ڕۆدی گوێی لەو مژدەیە دەبێت کە ئەو خەڵاتەی بەدەست هێناوە، زۆر دڵی خۆش دەبێت و دەڵێت: ''قەت لە خەیاڵمدا نەبوو خەڵاتێک وەربگرم، چونکە کاتێک دەستم بە کارەکەم کرد، هیوام وا بوو خزمەتێک بە مرۆڤایەتی بکەم، نەک بۆ خۆدەرخستن و خەڵاتوەرگرتن.''

ڕۆدی گوتیشی: ''هەرگێز هەستم بە ماندووبوون نەکردووە و نایشیکەم، ئەوەی خزمەتی مرۆڤایەتی بکات، خزمەتێکی پیرۆزە و ناکرێ هەست بە ماندووبوون بکات.''

ئەم خەڵاتە بە ئەو کەسانە دەدرێت کە تەمەنیان لە نێوان ٩ ساڵ تا وەکوو ٢٥ ساڵە و لە بواری مرۆیی و خێرخوازیدا چالاکی دەکەن.

ڕۆدی ڕوونی کردەوە: ''دڵخۆشییەکەم بۆ ئەوە بوو کە یەکەمین جارە ئەم خەڵاتە بە ناوی کوردێکەوە دەرچووە، بەدەستهێنانی خەڵاتێک ناموەستێنیت، بەڵکوو دەبێتە خاڵی دەستپێک بۆ چەندین کاری تر و، تا پێم بکرێت لە خزمەتی ئەو کەسانەدا دەبم کە ناتوانن هیچ شتیك بکەن."

لەگەڵ بەدەستهێنانی ئەم خەڵاتە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، پیرۆزبایی لە ڕۆدی دەکات و لە پیرۆزباییەکەشدا دەڵێت: ''خەڵاتکردنەکەتان نیشانەی هەرەبەرزە کەوا گەنجەکان دەتوانن بۆ خەباتی کۆمەڵایەتی و مرۆیی و خزمەتی خۆبەخش لەسەر ئاستی جیهان خەڵات بەدەست بهێنن."

ڕۆدی گوتی: ''ئەو پیرۆزبایییەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نیچیرڤان بارزانی، بۆ من خەڵاتێکی تر بوو، چونکە پشتیوانیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ خۆم گەورەترین خەڵاتە و تا بتوانم لەسەر ئەو ڕێچکەیە بەردەوام دەبم. سوپاسی پاڵپشتیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەم بۆ ئەو پشتیوانییەی لە خۆم و گەنجانی تری کورد و ئەو پشتیوانییە زۆر دڵخۆشی کردم."

کاروان بــاعەدری

هەواڵی پەیوەندیدار