وەزیری پەروەردە: حكوومەت هەمیشە پاڵپشتی مامۆستایان بووە

ههولێر-KDP.info- وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، دوو پێشنیار كراوە بۆ كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان كە قەربووكردنەوەش لەخۆ دەگرێت، بۆ ئەمساڵی خوێندن بەهۆی كۆرۆنا بەشێك دواكەوتنی تێدابوو.
ئەمڕۆ ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بۆ كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان دوو پێشنیارمان داوەتە ئەنجوومەنی وەزیران، لە یەكی ئەیلوول یان 11ـی ئەیلوول دەرگای قوتابخانەكان بكرێتەوە.
زیاتر گوتی، كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان لەوكاتە بە ئامانجی ئەوەیە قەرەبووی پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ بكرێتەوە، ئەوكاتەی لە دەست چووە جارێكی تر پێداچوونەوەی بۆ بكرێت لەلایەن مامۆستایانەوە بۆ قوتابیان.
باسی لەوەش كرد، ئەو شێوازە لە پۆلی یەكی بنەڕەتی بۆ پۆلی هەشتی بنەڕەتی دەبێت، دواتر لە دوای 15ی ئەیلوول خۆمان دەتوانین بڕیار بدەین لەسەر شێوازی دەستپێكردنەوەی خوێندنی پۆلەكانی تر.
ڕوونی كردەوە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر لە 43 ملیار دیناری بۆ مامۆستایانی وانەبێژ خەرج كردووە، بۆ هەر مانگێك بڕی شەش ملیار و 300 ملیۆن دینار بووە، ئەوەیش مانای وایە حكوومەت هەمیشە پاڵپشتی مامۆستایان بووە.
دیاری كردنی كاتی دەست پێ كردنەوەی پڕۆسەی خوێندن لە كاتێكە ئەمساڵ بەهۆی زۆربوونی توشبووانی كۆرۆنا دوو جار پڕۆسەی خوێندن وەستا و هەفتەی ڕابردووش تاقیكردنەوەی پۆلە ناكۆتان كۆتایی هات.




