"ئەمەریکا داوای لێکۆڵینەوە لە کەیسی شەھید ئەمین عیسا دەکات"
__2021_07_01_h16m59s7__ER.jpg)
هەژار بەشار ئەمین، ئامۆزای ئەمین عیسا، ئەو کوڕە گەنجە ٣٥ ساڵییەی لە ٢٨ی ٦ی ٢٠٢١ لەژێر ئەشکەنجەی توندی ئیدارەی خۆسەردا شەھید کرا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "لە ڕۆژی ٢٢ی ٥ی ٢٠٢١ ئاسایشی پەیەدە هاتنە بەردەرگای ماڵی ئامۆزاکەم و لەگەڵ خۆیان بردیان، ئێمەش بەدوایدا ڕۆیشتین بۆ ئەوەی بزانین هۆکاری دەستگیرکردنەکەی چییە."
ماڵباتی ئەمین عیسا دەچنە بارەگای هێزەکانی پەیەدە و بۆ ماوەی حەفتەیەک لەسەر یەک سەردانی دەکەن بە مەبەستی زانینی هەواڵێک لەسەر کوڕەکەیان، کەچی پەیەدە ڕەتی دەکاتەوە کە ئەو گەنجەیان ڕفاندبێت. ماڵباتەکەی مكوڕ بوون لەسەر ئەوەی کە ئەو هێزە سەر بە ئاسایشی پەیەدەیە و پەیەدە ڕفاندوویەتی.
هەژار دەڵێت: ''دوای گوشارێکی گەورە لەسەر پەیەدە و دوای ١٠ ڕۆژ بەشی سەربازیی پەیەدە بە ئێمەیان گوت ڕاستە ئەم کەسە لای ئێمەیە، بەڵام بە مەبەسەتی شایەدی لەسەر چەند کەسێک لە ئیدارەی خۆسەری پەیەدەیە، هەندێک کەس گەندەڵییان کردووە، ئەویش دەبێتە شایەد.''
ئەمین عیسا ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان-سووریا بوو لە ناوچەی حەسەکە و کاری خانووبەرەی دەکرد.
دوای چەندین ڕۆژ، گوشاری بنەماڵەی ئەمین زیاتر دەبێت بۆ ئازادکردنی، بەڵام پەیەدە پێیان دەڵێت، بڕۆنە لای بەشی بەدواداچوونی هەسەدە و ئەوان زانیارییان هەیە.
ئەمین پێش ئەوەی بکەوێتە دەست چەکدارانی پەیەدە نەخۆش بوو و نەخۆشیی دڵ و چەند نەخۆشیی تری هەبوو.
بنەماڵەکەی دەڵێن: ''دەمانەویست هەندێک دەرمان بگەیەنینە دەستی، چونکە ئەو خۆی لە ماڵدا نەخۆش بوو و دڵمان لای بوو و دەمانەویست سەردانێکی بکەین، بەڵام ئیدارەی خۆسەر ڕەتیان کردەوە کە هیچ کەس سەردانی بکات.''
گوتیشیان: ''لە ڕۆژی ٢٨ی مانگی ٦، لە نەخۆشخانەیەکەوە بانگیان کردین کە سەردانمان بکەن و ئەمین نەخۆشە. کە چووینە نەخۆشخانەکە ئاسایشی نەخۆشخانە بە ئێمەیان گوت، کەسێکی نەخۆشیان هێناوەتە نەخۆشخانە و لەسەر کاغەزێک لەسەریان نووسیوە، بێناسنامە.''
ئەو کەسانەی ئەمینیان هێناوەتە نەخۆشخانە لە نەخۆشخانەیەکی سەربازییەوە هێنابوویان، ئەو نەخۆشخانە سەربازییە بە ناوی شەهید ساریا بوو. بەڵام جارێکی تر نەخۆشخانە ڕیگە نادەن ماڵباتی ئەمین لە نەخۆشخانە چاویان پێی بکەوێت تاوەکوو مۆڵەت لە بەشی سەربازیی حەسەکە نەهێنن.
بنەماڵەکەی دەڵێن: "کاتێک چووین بۆ مۆڵەتوەرگرتن لە سەربازگەی حەسەکە، ئەوان پێیان گوتین، ئەمە مۆڵەتی ڕادەستکردنەوەی جەنازەی کوڕەکەتان! ئێمە تووشی شۆک بووین و گریاین، نەمانزانی کوڕەکەمان بۆچی وای بەسەر هاتووە، هەرزوو چووینە نەخۆشخانە."
دەشڵێن: ''کاتێک چووینە نەخۆشخانە بۆ وەرگرتنەوەی جەنازەی ئەمین، بینیمان لەسەر جەستەی هەمووی شوێنی ئەشکەنجەدانە، ددان و سەریان شکاندبوو، لەشیان بە زەیت سووتاندبوو، تووشی خوێنبەربوون ببوو. هەر زوو وێنەمان گرت بۆ ئەوەی هەموو جیهان بزانێت، ئەمەیە کردارەکانی ئیدارەی خۆسەر.''
کەسوکاری ئەمێن دەڵێن: ''ئێمە بانگ لە سەرۆک بارزانی دەکەین کار لەسەر ئەم پرسە بکات و خوێنی کوڕەکەمان بەفیڕۆ نەچێت.'' ئەمە داواکاریی ماڵباتی ئەمینە لە ڕێگای ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە بڵاوی دەکەینەوە.
هاوکات گوتیان: ''ئێمە داوا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و دادپەروەری و مرۆڤییەکان دەکەین، لێکۆڵینەوەیەکی نێودەڵەتیی پاک و شەفاف و بێلایەن بکەن بۆ دۆزینەوەی ئەوانەی تاوانباری کوشتنی کوڕەکەمانن. ئێمە هیچ جارێک ئەم زوڵمەی ئیدارەی پەیەدە قبووڵ ناکەین، جێگای داخە مەسەدە و هەسەدە هەردووکییان بێدەنگن لەسەر ئەم ڕووداوانە."
هەر دەربارەی ئەم پرسە، ئەمڕۆ ١ی ٧ی ٢٠٢١ باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە شام، پایتەختی سووریا، لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر ئەشکەنجەدان و شەھیدکردنی ئەمین عیسا هاتە دەنگ و داوای کردنەوەی پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بەپەلەی کرد.
ئەوەیشی ڕایگەیاند: "ئەمەریکا لە ڕاپۆرتەکانی باسی شەھیدکردنی ئەمین عیسا لە زیندانەکانی هەسەدەدا زۆر دڵگرانە و داوای لێکۆڵینەوەیەکی خێرا دەکەین."
ئاماژەی بەوەش کرد: "هەرکەسێک بەرپرسی مامەڵەکردنی خراپ لەگەڵ دەستگیرکراوان بێت، یان دەستدرێژی کردبێت، دەبێ سزا بدرێت.''
کاروان باعەدری




