٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لە پارێزگای دھۆک ١٠٢ پڕۆژە بە گوژمەی ٣٢ ملیار دینار جێبەجێ دەکرێت

سەرچاوە: KDP.info

دھۆک -KDP.info- لە پارێزگای دھۆک ١٠٢ پڕۆژە بە گوژمەی ٣٢ ملیار دینار جێبەجێ دەکرێت و ناوناوە بەشێکی ڕادەگەیەندرێت بۆ جێبەجێکردن و، ئەم پرۆژانە بۆ سەرجەم قەزا و ناحیەکانە و کەرتی شارەوانیش ٣٠ پڕۆژە بە گوژمەی زیاتر لە ١١ ملیار دینار جێبەجێ دەکات و ئەو پڕۆژانەش بەبێ جیاوازی بەسەر ھەموو ناوچەکانی پارێزگای دھۆکدا دابەش کراون.

میلەت عیسمەت، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پارێزگای دھۆک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕەزامەندیی لەسەر ١٠٢ پڕۆژە داوە و ناوە ناوە بەشێکیان ڕادەگەیەنین؛ پڕۆژەکانیش جۆراوجۆرن و لە ھەموو بوارەکاندان و بەسەر ھەموو سێکتەرەکاندا دابەش کراون، بۆ ھەر سێکتەرێک بەشێک پڕۆژە دابین کراوە."

میلەت عیسمەت گوتیشی: "ئەو ١٠٢ پڕۆژەیە بەگوژمەی ٣٢ ملیار دینارە و بۆ قۆناغی دووەم و سێیەمی پڕۆژەکانیش چاوەڕێی ڕەزامەندی دەکەین، ھەرکاتێک ڕەزامەندیمان بۆ ھات ئەوانیش ڕادەگەیەنین.''

عیسمەت باسی لەوەش کرد: "ئێمە پڕۆژەکانمان بە جۆرێک دابەش کردووە ھاوسەنگییەکیان درووست کردووە، بۆ ئەوەی دادپەروەرانە بێت و کەس مەغدوور نەبێت، ئەو پڕۆژانەش ئەوانەن کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ئێمەی تەرخان کردووە.''

ئەمیر ئەترووشی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی شارەوانیی دھۆک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "بۆ کەرتی شارەوانی ٣٠ پڕۆژەمان بۆ تەرخان کراوە بە جۆرێک بۆ ڕێگاوبان و ئاو و ئاوەڕۆ و بەگوژمەی ١١ ملیار و٣٧٠ ملیۆن دینار و پڕۆژەکان بەسەر ھەموو قەزاکاندا دابەش کراون بۆ سەنتەری دھۆک  ٤ پڕۆژە بەگوژمەی ٣٣ ملیۆن و قەزای سێمێل حەوت پڕۆژە بەگوژمەی سێ ملیار و ١٩٠ ملیۆن دینار و قەزای بەردەڕەش ٥ پڕۆژە بەگوژمەی ٣ ملیار و ٢٢٥ ملیۆن و قەزای شێخان چوار پڕۆژە بەگوژمەی ملیارێک و٤٧٠ ملیۆن دینار و قەزای ئاکرێ دوو پڕۆژە بەگوژمەی ٩٥١ ملیۆن دینار و قەزای زاخۆ ٣ پڕۆژە بەگومژەی ٤٧٠ ملیۆن دینار و قەزای ئامێدی ٥ پڕۆژە بەگوژمەی ٥١٠ ملیۆن دینار و کۆی گشتی ١١ ملیار و٣٧٠ ملیۆن دینارە."

ئەمیر ئەترووشی گوتیشی: "ئەو پڕۆژانە بۆ پارێزگا ڕەوانە کراون و ١٣ پڕۆژە بۆ کۆمپانیا ڕەوانە کراون و بۆیان دەرچووە بۆ ئەوەی دەست بە جێبەجێکردنیان بکەن و ١٧ پڕۆژەش لە قۆناغی ڕاگەیاندندان بۆ ئەوەی بۆ چ کۆمپانیایەک دەردەچن تا جێبەجێی بکەن."

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار