ئەنەکەسە ھۆکاری شەھیدکردنی گەنجێکی رۆژئاوای کوردستان لە زیندانی پەیەدەدا ئاشکرا دەکات

رۆژئاوای کوردستان-KDP.info- سکرتێری ئەنجومەنی نیشتیمانیی کورد لە سووریا رایگەیاند، ئەو گەنجەی لە رۆژئاوای کوردستان لە زیندانی پەیەدەدا شەھید کراوە، بە ھۆی ئەشکەنجەوە بووە، نەک وەک خۆیان دەڵێن بە ھۆی جەڵتە بووبێت، چونکە بە شێوەیەکی نامرۆڤانە و دڕندانە ئەشکەنجەیان داوە و تووشی خوێنبەربوون بووە و گیانی لە دەست داوە.
بەپێی بەیاننامەیەکی پارتی دیموکراتی کوردستان _ سووریا، رۆژی ٢٢ی مانگی ڕابردوو ھاووڵاتییەک لە گوندی بێریکی سەر بە دەرباسیە لە رۆژئاوای کوردستان، لە لایەن چەکدارانی پەیەدەوە رفێندراوە و لە گرتووخانەیەکی پەیەدە بە شێوەیەکی دڕندانە شەھید کراوە، کە ئەو کەسە کادیری ئەنەکەسە بووە و برای بەشار ئەمین، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا و ئەنەکەسە بووە، کە ناوی ئەمین عیسایە.
ئەوەش خراوەتە ڕوو، بەپێی ڕاپۆرتێکی پزیشکیی بێلایەن، دەرکەوتووە کە شوێنەواری ئەشکەنجەدانی دڕندانە بەسەر ناوچەوانیەوە دیارە و لە زۆر شوێنی جەستەی شکاوی ھەیە و لێدان لە ھەردوو ئەژنۆ و ملیدا ھەیە و پشتی سووتێندراوە بە ئاسنی گەرم و ڕۆنی سوتاو بە جەستەیدا کراوە.
سعوود مەلا، سکرتێری ئەنجومەنی نیشتیمانیی کورد لە سووریا، لەو بارەیەوە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئێمە شک و گومانمان نییە و بەڵگە ھەیە و خێزانی خۆشی بەڵگەکانیان لایە، کە ئەو گەنجە لە زیندانی پەیەدە لە ژێر ئەشکەنجەدانی جۆراوجۆر شەھید کراوە، چونکە سەر و ئەندامانی جەستەیان شکاندووە و ھێندەیان لێ داوە تاوەکو تووشی خوێنبەربوون بووە و لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لە دەست داوە، بۆیە راست نییە ئەوانەی ئەوان باس دەکەن کە گوایە تووشی جەڵتە بووە و گیانی لە دەست داوە".
ناوبراو گوتیشی، ئەو گەنجە ھیچ کارێکی نەکردووە و بێ ھۆکار دەستگیر کراوە و ھەر کارێکیشی کردبێت، دەتوانن لە دادگا سکاڵای لەسەر تۆمار بکەن نەک دەستگیری بکەن و لە ژێر ئەشکەنجەدا شەھیدی بکەن، بۆیە بیانووەکانی ئەوان بێمانان، چونکە ھەر ناوە ناوە کەسێک دەستگیر دەکەن و دەیکوژن و ئەوەش بۆتە کاری ئەوان و ١٠ سەرکردەی ئێمەش لە زیندانی ئەواندان و چارەنووسیان دیار نییە، بۆیە بەردەوام مەترسی لەسەر ھەموو سەرکردە و ئەندامانی ئەنەکەسە ھەیە کە لە رۆژئاوای کوردستان بن، چونکە رۆژئاوای کوردستان بۆتە شوێنی میلیشیاکان و بە ئارەزووی خۆیان تەعەدا لە خەڵک دەکەن، بۆیە داواکارین وڵاتان بێنە سەر خەت و چیتر ئەو تاوانانە قبوڵ نەکەن، بەتایبەت وڵاتی ئەمەریکا، چونکە وڵاتان بێدەنگن و ئەوەی گرنگی پێ دەدەن تەنھا داعشە، چونکە خەڵک بەردەوام لە ترسی پەیەدە ئاوارە دەبن و بە ھەزاران کەس و خێزان ئاوارە بوونە.
ئەمین عیسا ئەمین، لە ساڵی ١٩٨٦ لە دایک بووە و باوکی دوو منداڵە و خەڵکی گوندی بێریکی سەر بە دەرباسیەی رۆژئاوای کوردستانە.
بڵند ئیبراھیم




