بەیاننامەیەك لە لیژنەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان- سوریاوە

قامشلۆ-KDP.info- لیژنەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان- سوریا، له بارهی شەھیدبوونی "ئەمین عیسا ئەمین"،ڕاگهیاندراوێكیان بۆ ڕای گشتی بڵاوكردهوه، كه بە توندی ئیدانەیەکی ئەو تاوانە خراپە و وەحشیگەریه ترسنۆکانە دەکەن و داواش لە لایەنی ئەمەریکی دەکەن، وەکو سەرپەرشتیاری دانووستان بە بەرپرسیاریەتی خۆیان بزانن، ههروهها رێز و بەڵێنی خۆیان بەرامبەر ئەو کردەوە تاوانکارییە دەرببڕن، داواش لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ دەکەن، لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو تاوانە بکەن، هاوكات لێپرسینەوەش لە تاوانباران بکرێت و پەردە لەسەر تاوانباران ھەڵبدرێتەوە و ئاشکرا بکرێن.
دەقی بەیاننامەكە:
بۆ ڕای گشتی.....
ئەو کردەوە تۆقێنەر و قێزەونەی کە چەکدارانی "پەیەدە" بەرامبەر بە "ئەمین عیسا ئەمین عەلی"، ئەندامی ئەنجومەنی لقی پارتی دیموکراتی کوردستان- سووریای ئەنجام دا، ئیدانە دەکەین، کە لە ئەنجامی ئەو ئەشکەنجە توندانەی لە گرتووخانە ئەنجامیان داوە، بووە ھۆی شەھیدبوونی "ئەمین عیسا ئەمین".
دوای ئەوەی پشکنین بۆ جەستەکەی کراوە، دەرکەوتووە، کە شوێنەواری ئەشکەنجەی دڕندانە بەسەر ناوچەوانیەوە ھەیە، شکاوی لە زۆری شوێنی جەستەیدا بەدیکراوە، لێدان لە ھەردوو ئەژنۆ و ملیدا دیارە، بەپێی ڕاپۆرتێکی پزیشیکی بێلایەن، بە ئاسنی گەرم پشتی سەری تا دوایین بڕبڕەی پشتی سووتێنراوە و ڕۆنی سووتاو بەسەر جەستەیەوە جێماوە، ئەم رەفتارە تەنیا لەلایەن تاوانبارانەوە ئەنجام دەدرێت.
زوڵملێکراوەکە لە ٢٢ی ئایار/ مایۆی ٢٠٢١ لە لایەن چەکدارانی پارتی یەکێتی دیموکراتییەوە داوا کراوە، دواتر لەلایەن ھێزێکی چەکداری ئەو حزبە دەستگیرکراوە، دواتر گواستراوەتەوە بۆ زیندانی دادگای سەربازیی "پەیەدە" و لەوێدا شەھید کراوە.
ئەنجامدانی ئەو تاوانە قێزەوەنە لەو کاتەدا، کە بە شێوەیەکی گشتی ھەوڵێکی نێودەوڵەتی ھەیە، بە تایبەتیش لەلایەن ئەمەریکییەکانەوە، بە ئامانجی دەستپێکردنەوەی دانووستانی لایەنە کوردییەکان لە نێوان ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردی ENKS و حزبەکانی یەکەی نیشتمانی کوردی PYNK پەیامێکی خراپی ئیدارەی خۆسەرییە بۆ ئەو بابەتە.
ئێمە لە لیژنەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستانی-سووریا لەگەڵ ئەوەی ئیدانەیەکی توندی ئەو تاوانە خراپە و وەحشیگەریە ترسنۆکانە دەکەین، داواش لە لایەنی ئەمەریکی دەکەین، وەکو سەرپەرشتیاری دانووستان بە بەرپرسیاریەتی خۆیان بزانن، رێز و بەڵێنی خۆیان بەرامبەر ئەو کردەوە تاوانکارییە دەرببڕن، داواش لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ دەکەین، لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو تاوانە بکەن، لێپرسینەوەش لە تاوانباران بکرێت، پەردە لەسەر تاوانباران ھەڵبدرێتەوە و ئاشکرا بکرێن، لەژێر چاودێری نێودەوڵەتی بدرێنە دادگایەکی ئاشکرا و شەفاف، تا تاوانبار بە سزای خۆی بگات، لەبەر ئەوەی تاوانەکە پێشینەی مەترسیداری ھەیە، پێشێلکردنی رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانە، لەگەڵ بەھا مرۆییەکانەوە یەکناگرێتەوە.
جەخت لەسەر ئەوە دەکەین، ئەو راپۆرتە پزیشکییەی کە لەلایەن بەرپرسانی ئیداری "پەیەدە"ەوە خراوەتەڕوو، ھەڵبەستراوە، بەو ئامانجە نووسراوە، تاوانەکە دایبپۆشن و تاوانباران بشارنەوە.
شکۆمەندی بۆ رووحی شەھید "ئەمین عیسا ئەمین"
شەرمەزاری بۆ بکوژان و تاوانباران
لیژنەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان- سوریا
قامشلۆ
٢٩ی حوزەیرانی ٢٠٢١




