٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ھەر ناوچەیەك كێشەی ئاوی ھەبێت پارەی بۆ خەرج دەكرێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- هەفتەی رابردوو سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان گوژمەیەك پارەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی وشكەساڵی دابین كرد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی ھەرێمی كوردستانیش دەڵێ، ھەر ناوچەیەك كێشەی ئاوی ھەبێت، پارەی بۆ خەرج دەكرێت.

ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی ھەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەو دوو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینارەی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ وشكەساڵی خەرجی كردووە، ھەموو بۆ دابینكردنی ئاوی خواردنەوەیە، ئێمە پلانمان ئەوەیە پارەكە بۆ لێدانی بیری نوێ و ئەو بیرانە تەرخان بكەین كە بە ھۆی وشكەساڵی وشك بوونە لەگەڵ گۆڕینی ئامێرەكان و دابینكردنی تانكەر بۆ دابینكردنی ئاوی پاك و چەندین خزمەتگوزاریی دیكەش بەو پارەیە جێبەجێ دەكرێن".

بەڕێوەبەری گشتیی ئاو گوتیشی: "بە ھۆی زیادبوونی خواست لەسەر ئاوی خواردنەوە و وشكەساڵی، قەیرانی كەمیی ئاو لە ھەندێ ناوچە و شار و گەڕەك پەیدا بووە، بەڵام ھەوڵەكانی ئێمە بەردەوامن بۆ چارەسەركردنی كێشەی ئاو".

ئاری ئەحمەد ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "ئێمە رۆژانە دوو ملیۆن مەتر چوارگوشە ئاوی پاك بەرھەم دێنین، كە بۆ ھەر ھاووڵاتیەك رۆژانە نزیكەی ٣٥٠ لیتر ئاو دابین دەكرێت، ئەو رێژەیەش زۆر لە سەرەوەی ستانداردی جیھانییە، چونكە بە گوێرەی ستانداردی جیھانی، ھەر مرۆڤێك رۆژانە پێویستی بە ٢٠٠ تا ٢٥٠ لیتر ئاو ھەیە، بەداخەوە نەبوونی كارەبای نیشتیمانی بە بەردەوامی و وشكەساڵی، ھۆكارن بۆ سەرھەڵدانی كێشەی ئاو، لەگەڵ ئەوەشدا ھاووڵاتیانیش وەك پێویست دەست بە ئاوەوە ناگرن".

 

قائید میرۆ  

 

هەواڵی پەیوەندیدار