٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەیان سامی: هەنگاوەکەی پارتی لە ئەمەریکا پێشوازییەکی گەرمی لێکراوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- لە میانەی وێبینارەکانی هەفتانەی لقی ٦ی ئەورووپای پارتی دیموکراتی کوردستان و زنجیرە وێبینارەکانی تایبەت بە دیبلۆماسیەتی کوردی، خاتوو بەیان سامی عەبدولڕەحمان، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان و نوێنەری حکوومەتی هەرێم لە ئەمەریکا، تیشکی خستە سەر پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ئەمەریکا و دواڕۆژی ئەو پەیوەندیانە و هاوپەیمانیەتیی نێوان هەردوولا.

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمەریکا، پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستانی لەگەڵ ئەمەریکا بە پێشکەوتوو وەسف کرد و جەختی لەسەر کاری بەردەوامیان کردەوە بە مەبەستی بەهێزترکردنی ئەو پەیوەندیانە. گوتیشی، خەڵکی ئەمەریکا ئێستا دەزانن کوردستان چییە و پێشمەرگەیان خۆش دەوێت، هەروەها کاربەدەستان و کۆنگرێسمانەکانی ئەمەریکا شانازی بە پێشمەرگەی کوردستان دەکەن کە شانبەشانی ئەمەریکییەکان شەڕی تیرۆر دەکەن.

خاتوو بەیان ڕوونیشی کردەوە، دیموکراسیەتی کوردستان و ئازادیی ڕادەربڕین، هەروەها بوێری و قارەمانیەتیی هێزەکانی پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعش شانبەشانی هاوپەیمانیەتیی نێوەدەوڵەتی و لەئامێزگرتنی زیاتر لە ملیۆنێك پەنابەر و ئاوارەی ناوخۆ و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی هەموو پێکهاتە و نەتەوە و ئایینەکان لە هەرێم، وای کردووە ئەمەریکا وەك هاوبەش و هاوپەیمان مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بکات.

هاوکات باسی ئەوەی کرد، کەوا هەرێمی کوردستان توانیویەتی بێیتە یاریکارێکی سەرەکی و گرینگ لە ناوچەکە و بە بایەخ و گرینگییەوە جیهان مامەڵەی لەگەڵدا دەکات. ئەوەشی بۆ دیپلۆماسیەتی حەکیمانەی سەکردایەتیی سیاسیی کوردستان گەڕاندەوە. گوتیشی، ئێستا ئەمەریکا لە هەموو دیدار و کۆڕ و کۆبوونەوەیەکی فەرمیدا داوەتی نوێنەرانی هەرێمی کوردستان دەکات و دیالۆگی ستراتیژی عێراق و ئەمەریکاشی وەك نموونە هینایەوە. 

ئاماژەشی بەوەدا، کە ئەمەریکا گرینگییەکی گەورە بە چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و دروستکردنی سوپایەکی نیزامی بۆ کوردستان دەدات، ووتیشی هەنگاوەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان بە گواستنەوەی هێزەکانی هەشتا بۆ سەر وەزارەتی پێشمەرگە پێشوازییەکی گەرمی لێکراوە لە ئەمەریکا و هەنگاوێکی گەورە بوو بۆ سەرخستنی چاکسازی نێودەولەتی لە وەزارەتی پێشمەرگەی کوردستان.

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەروەها گوتی، کەوا لەگەڵ بوونی ئەو هاوپەیمانیەتییە و هەماهەنگی و هاریکاریی بەردەوامی ئەمەریکا بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵام پێویستە ئێمە واقیعبینانە بیر بکەینەوە و هەنگاو بنێین و ستراتیژیەتی خۆمان هەبێت و بەردەوام بین لە چاکسازی و گەشەدان بە دیپلۆماسیەتمان و بە ئابووریی هەرێمی کوردستان. گوتیشی، توانیومانە لە ڕێگای ڕێکخراوە کوردییەکان کاری باش ئەنجام بدەین، هەروەها بە بەردەوامی کار لەسەر گەشەدان بە چالاکییەکانیان دەکەین لە ئەمەریکا و کەنەدا، چونکە لەو بڕوایەداین ڕەوەندی کوردستانی دەتوانن شانبەشانی دیپلۆماتکارانی کورد، خزمەتێکی گەورە بە پرسە ڕەواکانی کوردستان بکەن، ئەویش لە ڕێگای لۆبیکردن و سوودوەرگرتن لە لۆبیکردنی نەتەوەکانی تر کە توانیویانە کاریگەریی گەورە لەسەر بڕیار دروستکردن لە ئەمەریکا بکەن.

هەواڵی پەیوەندیدار