سۆران.. چەند پرۆژەیەكی ڕێگاوبان و ئاو و ئاوەڕۆ جێبەجێ دەكرێن

سۆران-KDP.info- لە سنووری ناحیەكانی پارێزگای ھەولێر، بەردەوام حكوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان لە ھەوڵی جێبەجێكردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانن، لەو چوارچێوەیەشدا لە ناحیەكانی دیانا و سیدەكان، چەند پرۆژەیەك لە بواری ڕێگاوبان و ئاو و ئاوەڕۆ جێبەجێ دەكرێن.
فەرزەنگ ئەحمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی دیانا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگای ھەولێر، چەند پرۆژەیەك لە بواری ڕێگاوبان و ئاو و ئاوەڕۆ جێبەجێ دەكرێن، كە بریتین لە چاككردنی ڕێگای دووسایدی دێڵزیان بۆ سەنتەری قەزای سۆران و قیڕتاوكردنی چەند كۆڵانێك و چاككردنی شەقامی گۆڕستانی مەسیحیان، ھەروەھا بەشێك لەو پرۆژانەی كە تەواو نەكراون، كاركردنی تێیاندا بەردەوامە و تەواو دەكرێن، لەگەڵ ئەوەشدا چەند پرۆژەیەكی تریش لە بوارە جۆراوجۆرەكان جێبەجێ دەكرێن.
ئەحمەد ئەوەشی خستە ڕوو: "چەند دەرخستەیەكمان لە سێكتەرەكانی خزمەتگوزاری ئامادە كردووە، كە بە ھاوكاریی ئیدارەی سنوورەكە كاریان لەسەر دەكرێت تا چەند پڕۆژەیەكی دیكەش جێبەجێ بكرێن".
لە لایەكی دیكەوە، عەبدولقادر ئەكرەم، سەرۆكی شارەوانیی سیدەكان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، دوای ئامادەكردنی چەند دەرخستەیەك، لەلایەن پارێزگای ھەولێرەوە ڕەزامەندی لەسەر جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی خزمەتگوزاری لە بواری ڕێگاوبان درا، كە قیڕتاوكردنی شەقام و كۆڵانەكان و ڕێگا سەرەكییەكان دەگرێتە خۆی.
ئەكرەم گوتیشی: "لە داھاتوویەكی نزیكدا پڕۆژەكان جێبەجێ دەكرێن و گوژمەی تەرخانكراویش 263 ملیۆن دینارە، ھەروەھا ھەوڵ دەدەین ئەو پرۆژانەی تەواو نەكراون، ئەولەویەتی سەرەكییان پێ بدرێت و تەواو بكرێن".
سیروان سابیر




