٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"یاسای زانكۆ تایبەتەكان هەموار دەكرێتەوە"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- لیژنەی پەرروەردە و خوێندنی باڵای پەرلەمانی كوردستان، سەرقاڵی ئامادەكردنی ڕەشنووسی هەمواری زانكۆ تایبەتەكانە، ئەندامێكی لیژنەكەش دەڵێت، هەندێك لە بڕگە و ماددەكانی ئێستای یاساكە كەموكورتییان تێدایە، بۆیە هەموار دەكرێتەوە.

گوڵستان باقی نهێلی، ئەندامی لیژنەی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە پەرلەمانی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، لە دوای بەدواداچوونەكانیان بۆ ئاستی خوێندن لە زانكۆ حكوومی و تایبەتەكان لە هەرێمی كوردستان، بۆیان دەركەوتووە كە ئاستی زانستی لە بەشێك لەو زانكۆیانەدا وەك پێویست نەبووە، كە ئەمەش بێگومان پەیوەندی بە سیستمی خوێندن و ئەو یاسایانەوە هەیە كە پرۆسەی خوێندنیان پێ بەڕێوە دەچێت.

نهێلی گوتیشی: "بەپێی واقیعی سەردەم و ئەو پێشكەوتنەی كە لە جیهاندا ڕوو دەدات، بە تایبەت لەسەر ئاستی زانكۆكان، هەمواری یاساكە لە ئێستادا بووەتە دیفاكتۆ، بۆ ئەوەش لیژنەیەكەمان لەگەڵ سەرۆكایەتیی پەرلەمان لە هەماهەنگیدایە، كە دواتریش بە ئامادەبوونی سەرۆكی زانكۆكان، كۆنفرانسێكی تایبەت بە ڕێوە دەچێت، بۆ ئەوەی بتوانین هەمواری یاساكە بە شێوەیەك بێت، زۆرترین سوودی بۆ قوتابیان هەبێت و ڕەوشی خوێندن لەوەی ئێستا هەیە، بباتە ئاستێكی باشترەوە."

دەشڵێ: "هەمواری یاساكە بە شێوەیەكی گشتی گۆڕانكاریكردنە لە هەندێك بڕگە و خاڵی یاسا كۆنەكە و هاوكات زیادكرنی هەندێك بڕگە و خاڵی نوێیە، جگە لەوەش بابەتی وەرگرتنی قوتابیان لە زانكۆ و پەیمانگاكان و ئەو گرفتانەی كە لە ساڵانی ڕابردوودا دووبارە دەبوونەوە، جێگەیان دەكرێتەوە و چارەسەری پێویستیان بۆ دەكرێت".

ئەندامەكەی لیژنەی خوێندنی باڵای پەرلەمان، زانیاریی زیاتری ڕوون كردەوە و ئاماژەی دا: "گۆڕانكاریكردن لە پۆستی سەرۆكی زانكۆكان لە هەرێمی كوردستان، بەشێكی دیكەیە لە هەمواری یاساكە، بۆ نموونە سەرۆكی زانكۆ هەیە ماوەی 10 ساڵە لە پۆستەكەدایە، هەوڵ دەدەین هەمواری یاساكە بە شێوەیەك بێت، هەر گرفتێك یان كەموكورتییەك لە چوارچێوەی خوێندنی باڵادا هەبێت، چارەسەریان بكات، چونكە گۆڕانكاریكردن لە یەكە ئیدارییەكانی نێو زانكۆكان، بە هەمان شێوە بەشێكی گرنگە لە كۆی سیستمەكە".

 

ئەرسەلان ئەحمەد  

هەواڵی پەیوەندیدار