ئەكرەم ئەحمەد: ۹ بەنداوی دیكە دروست دەكرێن

هەولێر-KDP.nfo- بە هۆی كەمیی بارینی بارانەوە، ئاستی ئاوی بەنداوەكانی هەرێمی كوردستان زۆر باش نییە، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداو و كۆگاكانی ئاویش دەڵێت، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری دروستكردنی ۹ بەنداوی دیكەی داوە.
بەڕێوەبەری گشتیی بەنداو و كۆگاكانی ئاو، ئەندازیار ئەكرەم ئەحمەد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ڕەزامەندیی سەرۆكایەتیی حكوومەت بۆ دروستكردنی ۹ بەنداو وەرگیراوە، كە بە شێوازێكی پەبلیك دروست بكرێن و بڕیارە كەرتی تایبەت و حكوومەتیش بەیەكەوە كارەكە بكەن، لە ئێستاشدا چەند كۆمپانیایەك ئۆفەریان پێشكەش كردووە، قۆناغی دووەم ماوە تا ئەم كۆمپانیایانە وردەكارییەكانیان بۆمان بنێرن تاوەكوو بزانین چۆن دروستی دەكەن، چونكە حكوومەت لەم بارودۆخەدا بودجەی پێویستی لە بەردەستدا نییە، دواتریش ئامادەكاری بۆ قۆناغی دووەم دەكەین."
ئەو بەڕێوەبەرە گشتییەی بەنداوەكان زیاتر گوتی: "بەنداوەكان ساڵانە پێویستیان بە نۆژەنكردنەوە هەیە، كە پارەی تەرخانكراومان زۆر كەمە بۆ نۆژەنكردنەوەیان و تەنیا بڕێكە بۆ حاڵەتی لەناكاوی بەنداوەكان، هەروەها ئاوی بەنداوەكان كەمیان كردووە، بە هۆی كەمیی بارانبارینەوە، بە تایبەت بەنداوە گەورەكان لە حاڵەتێكی زۆر باشدا نین، بۆیە دەبێت هەموومان بەیەكەوە هەوڵ بدەین ئاو بەفیڕۆ نەدەین."
هەرێمی كوردستان بە سەرچاوەی ڕووبار و ئاوی كانی دەوڵەمەندە و چەندین ڕووباری گەورە لە كوردستاندا هەن، كە دوای تێپەڕبوون بەناو شار و ناوچە جیاوازەكانی هەرێمدا، دەڕژێنە پارێزگاكانی دیكەی عێراقەوە.
خاكێكی بەرفراوان و بەپیتی كشتوكاڵی لە هەرێمدا هەیە و بۆ پاراوكردنیشیان، زیاتر پشت بە ئاوی باران بەستراوە، بەڵام ئەمساڵ كێشەی كەمبارانی وای كردووە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بیر لە دروستكردنی بەنداوی زیاتر بكاتەوە.
فایزە كۆیی




