٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

٧٠%ی بەرھەمی شیشی ھەرێمی کوردستان بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراق دەچێت

سەرچاوە: KDP.info

ژمارەیەک کارگەی بەرھەم ھێنانی شیش لەھەرێمی کوردستان دامەزراون و  بەڕێوەبەری یەکێک لە کارگەکانی بەرھەم ھێنانی شیش دەڵێ، شیشی کارگەکانی ناوخۆ بەپێی ستانداردی جیھانیە و ئاشکرایکرد، ٧٠%ی بەرھەمی کارگەکانی ھەرێم بۆ پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق دەچێت.

شەھزاد چەتو، بەڕێوەبەری کارگەی شیش و ئاسنی مید ستیل بەمالپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند" ئەو شیشەی لە کارگەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ بەرھەم دەھێندرێت بەپێی ستانداردی جیھانیە و لەڕووی کوالێتیەوە ھیچی کەمتر نیە لەو شیشەی لەکارگە بەناوبانگەکانی ناوچەکە ھەن، چونکە ئێمە بڕوانامەی ئایزۆمان  ھەیە و ھەموو شیشێک ھەم لەلایەن حکوومەتەوە پشکنینی بۆدەکرێت ھەمیش لەناو کارگە پشکنینی بۆ دەکرێت، دەتوانم بڵێم بەرھەمی شیشی ھەرێمی کوردستان یەکێکە لەبەرھەمە باشەکانی شیش لەسەرئاستی جیھان.

بەڕێوەبەری کارگەی مید ستیل لە ھەولێر گوتی" لەعێراق تەنیا یەک کارگەی بەرھەم ھێنانی شیش ھەیە و ئەویش دەتوانم بڵێم ھەر کار ناکات، بەرھەمی شیشی ھەرێمی کوردستان لە ناوچەکانی دیکەی عێراق خواستێکی زۆری لەسەرە و ٧٠%ی بەرھەمی شیش لەھەرێمی کوردستانەوە بۆ پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەچێت.

شەھزاد چەتو، لەبارەی خواست لەسەر شیشی ھاوردە دەڵێت" لەڕووی کوالێتیەوە شیشی ناوخۆ ئەگەر باشتر نەبێت ئەوە ھیچی لەبەرھەمی کارگەکانی وڵاتانی دەوروبەر کەمتر نیە، بەڵام بڕاندنی تورکی ھەیە زیاتر لە ١٥ ساڵە دێتە بازاڕی ھەرێمی کوردستان و بەرھەمی ناوخۆی ھەرێم ئەوەندە زۆر نیە لەڕووی دامەزراندنەوە، ئەوەش وایکردوە ھاوڵاتیان بەھۆی ئاشنابوونیان بە بەرھەمی بیانی ھێشتا بازاڕی ھەبێت.

لەھەرێمی کوردستان نزیکەی ١٠ کارگەی شیش و ئاسن ھەن و ساڵانەی توانای بەرھەم ھێنانی زیاتر لە دوو ملیۆن تۆن شیش و ئاسن ھەیە، ھەلیکاریش بۆ ھەزاران کارمەند و کرێکار رەخساندووە.

پەیوەست بە پڕکردنەوەی خواستی ناوخۆ چەتو ئاماژەی بۆ ئەوەکرد" توانای کارگەکانی ناوخۆ سنوردارە، ئەوەیش ھۆکاری خۆی ھەیە، ھەرچەندە کارگەی ئێمە پشت بە کارەبای نیشتیمانی نابەستێت و کارەبای بەرھەمی خۆمان ھەیە، بەڵام زۆرێک لە کارگەکانی پیشەسازی کێشەی کارەبایان ھەیە، کێشەی سەرەکیش نەبوونی مادەی سەرەتایە، واتە ئەو ئاسن و پاشماوانەی بەکاردێن بۆ شیش زۆربەی لەناوچەکانی دیکەی عێراقەوە ھاوردەی ھەرێمی کوردستان دەکرێن، بەداخەوە لەلایەن ھەندێ گروپی حەشد و خەڵکی دیکەوە رێگری دەکرێت لەھێنانی ئاسن بۆ کارگەکانی ھەرێمی کوردستان لە ئێستادا بەدەست ھێنانی ئاسن بۆ کارگەکان زۆر ئاستەنگی بۆ دروست بوە.

شەھزاد چەتو ھاتە سەر نرخی شیش و ئاسن لە ھەرێمی کوردستان و پێی وایە نرخی شیش پەیوەندی بە ھەرێمی کوردستانەوە نیە دەڵێت" لە بازاڕەکانی جیھان نرخی ئاسن بەرزبوەتەوە، گەورەترین وڵاتی جیھان بۆ بەرھەم ھێنانی ئاسن وڵاتی چینە لەماوەکانی رابردوودا چین رێژەیەکی زۆری مادەی ئاسنی کڕی و نەی خستە بازاڕەوە، ئەوەش وایکرد خواست لەسەر ئاسن زیاد بێت و نرخی شیش و ئاسن بەرزبێتەوە، ئێستا بازاڕی ئاسن و شیش باشترە بەروارد بە رۆژانی رابردوو، نرخی یەک تۆن شیش لە ھەزار دۆلارەوە دابەزیوە بۆ ٧٥٠ دۆلار، پێشبینی دەکرێت ھێشتا نرخی ئاسن دابەزێت.
قائید میرۆ


 

هەواڵی پەیوەندیدار