ئامانج عەزیز: لە سلێمانی ٨٠%ی کارتی دەنگدان دابەش کراوە

ڕۆژانە لە ھەرێمی کوردستان پڕۆسەی دابەشکردنی کارتی دەنگدان بەردەوامە و بەرپرسێکی کۆمسیۆن لە پارێزگای سلێمانییش دەڵێت، ڕۆژانە یەک ھەزار کارت لەلایەن دەنگدەرانەوە وەردەگیرێتەوە.
ئامانج عەزیز، بەڕێوەبەری ئۆفیسی سلێمانیی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "تا کۆتاییھاتنی پرۆسەی بایۆمەتری ٧٠%ی دەنگدەران بەشدارییان لە پرۆسەی بایۆمەتریی دەنگداندا کردووە و لە یەکی مانگی ڕابردووەوە پرۆسەی بایۆمەتری کۆتاییی ھاتووە، ئێستا لە قۆناغی دابەشکردنی کارتەکان بەسەر دەنگدەرانداین."
بەرپرسەکەی کۆمسیۆن گوتی: "ڕۆژانە نزیکەی ھەزار کارت لەلایەن دەنگدەرانەوە وەردەگرینەوە و لەلایەن بنکەکانی کۆمسیۆنەوە پڕۆسەی دابەشکردن بەردەوام دەبێت و، تا ئێستا نزیکەی ٨٠%ی کارتەکان دابەش کراون."
ئامانج عەزیز ڕوونی کردەوە: "بڕیارە قۆناغی کۆتاییی کارتی دەنگدان لە بەغداوە ڕەوانەی ھەرێمی کوردستان بکرێت و بەسەر دەنگدەراندا دابەش دەکرێت. ئەوانەش کارتی ئەو دەنگدەرانەن کە لە کۆتاییی پڕۆسەکەدا بەشداریی پرۆسەی بایۆمەترییان کردووە. لەبەر ئەوە، داواکارین لەو دەنگدەرانەی بایۆمەترییان کردووە سەردانی بنکەکانی دەنگدان بکەن بۆ وەرگرنەوەی کارتەکانیان."
قائید میرۆ




