٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئاسایش و بەرگری: ھەموو لایەك لە زیانی ناوچە سنوورییەكان ئاگادار دەكەینەوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لیژنەی لێكۆڵینەوە لە ناوچە سنوورییەكانی ھەرێمی كوردستان، كۆتایی بە كارەكانی ھێناوە و راپۆرتی خۆی لەبارەی دۆخی ئەو ناوچانەوە ئامادە كردووە و سبەی ئاراستەی پەرلەمان و حكوومەتی عێراقی دەكات.

دكتۆر ناسر ھەركی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "دوای ئەوەی لیژنەیەك لەبارەی لێكۆڵینەوە لە ناوچە سنوورییەكان دروست كرا، كە بە ھۆی بوونی پەكەكە و بۆردوومانی توركیا زیانیان پێ گەیشتووە، لێكۆڵینەوەكان تەواو بوون و راپۆرتی خۆمان ئامادەكردووە و ئەمڕۆ دەگەڕێینەوە بۆ بەغدا و سبەی ڕاپۆرتەكە ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكەین، ھەر سبەینێش كۆبوونەوەمان ھەیە، بۆیە ئەوان بڕیار دەدەن كە لە كۆبوونەوەكەدا باس بكرێت یاخود نا، گرنگ ئێمە راپۆرتی خۆمان ئاراستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان دەكەین".

ھەركی لەبارەی ناوەڕۆكی ڕاپۆرتەكەوە رایگەیاند: "بەپێی ئەو بەدواداچوونەی ئێمە كردوومانە، زیانی زۆر بە خەڵك و گوندەكانی ناوچە سنوورییەكان كەوتووە و ئێمە لە ڕاپۆرتی خۆماندا باسمان كردووە، بەڵام ناتوانین باسی قەبارەی زیانەكان بكەین، لەگەڵ ئەوەشدا بە روونی دیارە كە گوندی زۆر لە سنووری قەزای زاخۆ و ئامێدی چۆڵ كراون".

ناوبراو باسی لەوەش كرد: "جگە لەوەی ڕاپۆرتەكە ئاراستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق دەكرێت، ئاراستەی حكوومەتی عێراقیشی دەكەین و ھەموو لایەك لەو زیانانەی بە ناوچە سنوورییەكان گەیشتووە، ئاگادار دەكەینەوە".

 

بڵند ئیبراھیم  

هەواڵی پەیوەندیدار