د. محەمەد: داعش چالاكی و جووڵەی لە كەركووك فراوانتر دەكات

كەركووك-KDP.info- بە ھۆی تێكچوونی رەوشی ئەمنیی كەركووك و دروستبوونی مەترسی بۆ سەر ناوچەكە، ھێزە عێراقییەكان چەند رۆژێكە كەوتوونەتە ئامادەباشییەوە، بەرپرسێكی پارتیش لە كەركووك دەڵێ، داعش جووڵەكانی بەرەو فراوانتر دەبات و ئێستا مەترسییەكە بۆ رۆژھەڵات و رۆژئاوای كەركووك پەڕیوەتەوە.
د. محەمەد خورشید، بەرپرسی لقی سێی پارتی لە كەركووك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، گرووپی تیرۆریستیی داعش جووڵەیان لە سنووری كەركووك فراوانتر كردووە، داعش مەترسیی بەردەوامی ھەیە لە سنوورەكە و ئەم مەترسییەش تەنیا بۆ باشووری كەركووك نییە، بەڵكو ئێستا مەترسیی داعش لەسەر رۆژئاوا و رۆژھەڵاتی كەركووكیش دروست بووە.
بەرپرسەكەی پارتی دەشڵێت، یەكێك لە ھۆكاری زیادبوونی جووڵەی داعش، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئەو ھێزانەی لە سنوورەكەن شارەزاییەكی ئەوتۆیان نییە و غەریبن لە ناوچەكە و توانای كۆنتڕۆڵكردنی رەوشی ئەمنیی ناوچەكەشیان نییە.
د. محەمەد خورشید ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، لە باشووری كەركووك چەند ھێزێكی میلیشایی دروست كراون، بە تایبەتی لە ناوچەكانی حەویجە و ناوچەكانی دیكە، بەداخەوە ھەر كەسێك بچێتە ئەو ناوچانە بە ناوی حەشدی وەتەنی تۆمار دەكرێت و كەس لێی ناپرسێتەوە، ئەو كەسانەش كە دەبنە حەشد، كەس نازانێت پێشتر چی بوون و بە شەو چ كارێك دەكەن و بە شەویش خەریكی چین.
قائید میرۆ




