سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە کچە وەرزشڤانێکی عێراقی دەکات

هەولێر-KDP.info- سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا پیرۆزبایی لە دانە حوسێن، خانمە وەرزشڤانی عێراقی دەکات بەبۆنەی بەدەستهێنانی مەدالیای زێڕین لە پاڵەوانێتیی عەرەب بۆ گۆڕەپان و مەیدان.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر، بەبۆنەی پاڵەوانبوونی دانە حوسێن تویتێکی بڵاوکردەوە و تێیدا نوسیوویەتی، "پیرۆزبایی لە دانە حوسێن، خانمە وەرزشڤانی عێراقی دەکەم بەبۆنەی بەدەستهێنانی مەدالیای زێڕین و شکاندنی ژمارەی پێوانەیی لە 22ەمین پاڵەوانێتیی عەرەبی بۆ گۆڕەپان و مەیدان لەسەر ئاستی پیاوان و خانمان".
لە تویتەکەی نێچیرڤان بارزانیدا هاتووە، "دانە، هیوای سەرکەوتن و بەرەو پێشڤەچوونی زیاترت بۆ دەخوازم. نیشتمانمان پێویستی بە ژنی نەبەردی وەک تۆیە، کە لەسەرجەم بوارەکاندا وەک نموونە باسی لێوەبکرێت و شانازی پێوە بکرێت. پیرۆزبایی لە سەرجەم عێراقییەکان دەکەم".
دانە حوسێن لە پێشبڕکێی 200 مەتری سەر ئاستی خانمان لە 22مین پاڵەوانێتیی گۆڕەپان و مەیدانی عەرەبیدا ماوەی 200 مەتری بە 22 چرکە و 50 بەش لە هەزاری چرکە بڕی و پلەی یەکەمی بەدەستهێنا و مەدالیای زێرینی بردەوە. بەمەش ژمارەیەکی پێوانەیی نوێی لە مێژووی پاڵەوانێتییەکەدا تۆمارکرد.




