قایمقامی پشدەر بۆ KDP: پەکەکە ویستوویانە سەرانە لە خەڵکی وەربگرن

پشدەر-KDP.info- ئەمڕۆ لە گوندی شێنێ شەڕ و ئاڵۆزی کەوتووتە نێوان گوندنشینان و چەکدارانی پەکەکە قایمقامی پشدەریش دەڵێ، شەڕەکە لەسەر ئەوەبووە پەکەکە ویستوویەتی سەرانە و گومرگ لە مەڕداران وەرگرێت.
بەکر بایز، قایمقامی پشدەر بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، " ئەمڕۆ لە گوندی شێنێ کێشە کەوتووتە نێوان ھاووڵاتیانی ناوچەکە و ژمارەیەک چەکدارانی سەربە پەکەکە لە ئەنجامدا شەڕ لەنێوان ھاووڵاتیان و چەکدارانی پەکەکە دروست بووە، ئێمەش چاوەڕێی رونکردنەوەی لایەنی ئەمنین لە دەزگای ئاسایش بۆ ئەوەی بزانین کێشەکە چوون روویداوە، چونکە گوندەکە دەکەوێتە سەر سنوور و شەڕەکە لەدەرەی حەرەمی گوند روویداوە.
قایمقامی پشدەر گوتیشی، "بەپێی ئەو زانیاریانەی بە ئێمە گەیشتوون کێشەکە لەسەر ئەوە روویداوە كه چەکدارانی پەکەکە ویستوویانە سەرانە و گومرگ لە خەڵک وەرگرن ئەوانیش دیارە قبوڵیان نەکردووە.
بەکر بایز روونی کردەوە، "ژمارەیەک گوندی سنووری قەڵادزێ ئەوانەی دەکەونە سنووری قەندیل بەھۆی کێشەی سنووری و ھەبوونی چەکدارانی پەکەکەوە سەقامگیر نین، لەبەر ئەوەش ھاووڵاتیان تووشی کێشە دەبن لەو سنوورە.
قائید میرۆ




