ئومێد ئەحمەد: چاکسازی لە دوو وێستگەی کارەبادا دەکرێت

ماوەی چەند ڕۆژێکە ڕەوشی کارەبای نیشتمانی لە ھەرێمی کوردستان جێگیر نییە و گوتەبێژی وەزارەتی کارەباش دەڵێت، ھەردوو وێستگەی غازیی ھەولێر و سلێمانی پێویستیان بە چاکسازییە و لە ھەوڵداین بۆ گەڕاندنەوەی ٤٠٠ مێگاواتی کارەبا.
ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتا کارەبا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "وەزارەتی کارەبا توانیویەتی بۆ ئەمڕۆ ٣٠٠ میگاوات کارەبا لە بەرھەمھێنانی زیاد بکات، ئەوەش لەپێناو دابینکردنی کارەبای زیاتر و لەبەرچاوگرتنی ڕەوشی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکانی قوتابییان، چونکە ناکرێت لەم کاتەدا قوتابییان بێ کارەبا بن، ئەوەش بەئاسانی نەبووە، بەڵکوو زیادکردنی کاتژمێرەکانی کارەبا دوای ئەوە ھات وەزارەت فشارێکی زۆری بەکار ھێنا، لە بەردانی ئاو و دابینکردنی گازوایل و ڕاگرتنی چەند کارگەیەک."
لەبارەی ئەو یەکانەی پێش چەند ڕۆژێک لەکار کەوتوون و کارەبا کەم بووەتەوە، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا گوتی: "ماوەی چەند ڕۆژێکە ئێمە تووشی گرفتێکی تەکنیکی بووینە لە ھەردوو وێستگەی غازیی ھەولێر و سلێمانی، چونکە پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەیە و بەو ھۆیەوە ٤٠٠ مێگاوات کارەبا لە دەست ئێمە چووە."
ئومێد ئەحمەد ڕوونی کردەوە: "ھەوڵەکانمان بەردەوامن بۆ گەڕاندنەوەی ئەو ٤٠٠ مێگاواتەی ھەولێر و سلێمانی. وەزیری کارەبا و وەزارەت بەردەوامن لە ھەوڵەکانیان، بڕیارە پارە بۆ پرۆسەی چاکسازی لەو یەکانەی کارەبادا تەرخان بکرێت و ڕەوشی کارەبا بگەڕێتەوە ڕەوشی پێشووی، بەڵام کاتی گەڕانەوەی کارەبای لەدەست دەرچوو دیار نییە و پەیوەستە بە نۆژەنکردنەوەی ھەردوو وێستگەکە."
قائید میرۆ




