٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

‎پارتی سۆسیالیستی نەرویج لەگەڵ پارتە سیاسیەکانی کوردستان کۆ بووەوە

سەرچاوە: KDP.info

ڕۆژی ٢١/ ٦ لە بارەگای ناوچەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئۆسلۆی پایتەختی نەورویج، شاندێکی پارتی سۆسیالیستی نەرویج، چاویان کەوت بە نوێنەری حیزب و لایەنە سیاسیەکانی چوار پارچەی کوردستان کە ئەمانە بوون:

پارتی دیموکراتی کوردستان‎/  حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ⁄ پارتی ئازادیی  کوردستان باکوور / کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران / ئەنجومەنی نیشتیمانیی کورد لە سووریا / سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران / پارتی ئازادیی کوردستان ڕۆژهەڵات / پارتی دیموکرات لە باکوور / ئەنجومەنی وەرزشکارانی کورد لە دەرەوەی وڵات.

‎لە کۆبوونەوەکەدا کە ماوەی دوو کاتژمیری خایاند، باسی پەیوەندیی لەمێژینەی کورد و حیزبی ''ئێس ڤێ'' و پەرەپێدانی زیاتری ئەم پەیوەندیانەیان کرا. هەروەها باسی بەشداریی ڕەوەندی کورد لە پرۆسەی دیموکراسی و هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی نەرویجدا کرا. نوێنەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان پێک هاتبوو لە بەڕێزان، ڕزگاری حەمید شەریف، ئەندامی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوە و محەمەد ئەسکەندەر، سەرپەرشتیاری ناوچەی نەرویجی پارتی دیموکراتی کوردستان. نوێنەرانی حیزبە کوردییەکان داوایان کرد کە حیزبی ''ئێس ڤێ'' زیاتر پشتیوانی دۆزی ڕەوای گەلی کورد بێت. لە بەرانبەردا ''ئێس ڤێ جەختی'' کردەوە کە هەوڵ دەدات هەمیشە پشتیوانی گەلی کورد بێت و ئیشارەیان بەوە دا کە لە دواکۆنگرەی خۆیاندا بەڕوونی ئیشارەیان بەو پشیوانییە کردووە.

‎شاندی حیزبی ''ئێس ڤێ'' بریتی بون لە: هاتیام ئێل نوش، ئەندامی بەشی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی ''ئێس ڤێ'' و بەربژێر لە پارێزگای ئاکەشهوس بۆ پەرلەمان.

‎مەسعوود ناسری، ئەندامی ڕێبەرایەتیی ''ئێس ڤێ'' لە هەرێمی ڕالینگن و هاوکاری بەشی نێونەتەوەییەکان و بەرپرسی بەشی پەیوەندیی ئێس ڤێ بۆ حیزب و لایەنە کوردییەکا. خاتو لێنە هۆنس هاوس، ئەندامی کادری ڕێبەریی ئێس ڤێ لە هەرێمی ڕالینگن و ئاکەشهوس.

لە کۆتاییدا شاندی حیزبی ئێس ڤێ زۆر سوپاس و دەستخۆشیی کرد لە لیژنەی ناوچەی نەرویجی پارتی بۆ میوانداریی ئەم دیدارە کە زۆر سەرکەوتووانە کۆتاییی ھات.

پارتی سۆسیالیستی چەپ خاوەنی ١١ کورسی لە تێکڕای ١٦٩ کورسیی پەرلەمانە و پشتگیری لە مافی چارەنووسی کورد دەکات.

ل ن نەرویج پارتی دیموکراتی کوردستان

هەواڵی پەیوەندیدار