٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کارگەی ئاوی تەماتەی ھەریر: ڕۆژانە ١٠٠ تۆن تەماتەی ناوخۆ وەردەگرین

سەرچاوە: KDP.info

ھەریر-KDP.info- سەرپەرشتیاری کارگەی بەرھەمھێنانی ئاوی تەماتە لە ھەریر گوتی، دەستیان کردووە بە وەرگرتنی تەماتەی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بیکەنە ئاوی تەماتە و ڕۆژانە نزیکەی ١٠٠ تۆن تەماتە وەردەگرن و بەردەوامیش دەبن تا تەماتە ھەبێت و ئاوی تەماتەکەش سرووشتییە و ھیچ مەوادێکی تێ ناکرێت و کواڵێتیشی زۆر بەرزە و ئەمەش ھەنگاوێکی گرنگە بۆ ئەوەی بەرھەمی ناوخۆیی ساخ بکرێتەوە.

کامەران دۆسکی، سەرپەرشتیاری کارگەی بەرھەمھێنانی ئاوی تەماتە لە ھەریر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکرتی کوردستان گوتی: "کارگەی ئاوی تەماتەی ھەریر دەستی بەکار کردووە و ئێستا ماوەی ھەفتەیەکە ڕۆژانە تەماتە وەردەگرین بۆ کارگە بۆ ئەوەی بکرێتە ئاوی تەماتەوە و ئێمە لە دوو شوێن تەماتە وەردەگرین، جۆرێک لە عەلوەکان دەکڕین و جۆرەکەی دیکەش لە جووتیاران وەردەگرین. لەو دوو سەرچاوە وەریان دەگرین و نرخەکەشی باشە، چونکە ھاوردەی تەماتە لە دەرەوە قەدەغە کراوە."

کامەران دۆسکی گوتیشی: "نرخەکانیش لە سەرەتا کیلۆی بە ٦٠٠ دینار وەردەگیرا و ئێستا بە نزیکەی ١٥٠ دینارە و ڕۆژانە نزیکەی ١٠٠ تۆن وەردەگرین و بەرھەمی کارگەکە ڕۆژانە ١٥٠ تۆنە، بەڵام لە سەرەتاین و ئێستا ١٠٠ تۆن وەردەگرین و دەیکەینە ئاوی تەماتە."

دۆسکی باسی لەوەش کرد: "کاتێک دەکرێتە ئاوی تەماتە دەدرێتە بازاڕی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان و ئەگەر لە پێداویستیی ناوخۆشمان زیاد بوو ڕەوانەی دەرەوەی دەکەین، بۆیە تا تەماتە ھەبێت و نرخەکەی گونجاو بێت تەماتە وەردەگرین، بۆیە بەردەوام کار دەکەین، ئەگەر لە دەرەوەش بێت، بەڵام تا ناوخۆ ھەبێت تەماتەی دیکە وەرناگرین ."

گوتیشی: "کواڵێتیی ئاوی تەماتەی ھەریر باشترین ئاوی تەماتەیە، چونکە ناوخۆیییە و لە تەماتەی خۆمان دروست دەکرێت و سرووشتییە و ئەوانەی دیکە نازانرێت بە درووستی لە تەماتە درووست دەکرێت و ڕەنگە مەوادی دیکەی تێکەڵ بکرێت، بۆیە ئەوەی ئێمە بە تەنھا لە تەماتە درووست دەکرێت و ئێمە بە نرخێکی گونجاو دەیفرۆشین.''

کامەران دۆسکی ڕوونیشی کردەوە: "ئەمە ھەنگاوێکی باشە بۆ ساخکردنەوەی  بەرھەمی ناوخۆیی و وەرگرتنی ١٠٠ تۆن تەماتە لە ڕۆژێکدا کەم نییە، بۆیە ئێستا ئاوی تەماتەمان بەرھەم ھێناوە و ئامادەیە بکەوێتە بازاڕ."

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار