بە گوژمەی زیاتر لە ١٦ ملیار دینار ٧٢ پڕۆژە جێبەجێ دەکرێن

زاخۆ -KDP.info- سەرپەرشتیاری پڕۆژەکانی قایمقامیەتی زاخۆ گوتی، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان زیاتر لە ١٦ ملیار دیناری دیکەی بۆ زاخۆ بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە تەرخان کردووە کە بەو پارەیە ٧٢ پڕۆژەی نوێ لە ھەموو بوارەکانداندا لە زاخۆ جێبەجێ دەکرێت، ئەمە جگە لەو ٥٠ پڕۆژەی کە لە ماوەی ڕابردوودا دەستمان بە جێبەجێکردن کردووە.
ئەندازیار ھێژا محەمەد، سەرپەرشتیاری پڕۆژەکانی قایمقامیەتی زاخۆ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "پێشتر حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕەزامەندیی لەسەر ئەنجامدانی ٥٠ پڕۆژە بۆ زاخۆ دا، لەوانە ٣٤ پڕۆژە تەواو بوونە و یەک پڕۆژە لە قۆناغی ڕاگەیاندندایە و ئەوانەی دیکەش لە کاردان، چونکە یەکێک ھەندێک دوا کەوت بەھۆی بەرزبوونەوەی دۆلار و گرانبوونی کەلوپەل، تەندەرەکەی دووبارە کرایەوە، پڕۆژەکانیش لە بواری ڕێگاوبان و قوتابخانە و ئاو و ئاوەڕۆ و چەند بوارێکی دیکەدان.
ئەندازیار ھێژا محەمەد گوتیشی: ''ڕەزامەندی لەسەر سێ بوودجەی جیای دیکە دراوە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە لە زاخۆ و، ڕەزامەندی لەسەر یەک ملیار دینار دراوە کە حەوت پڕۆژەی پێ جێبەجێ دەکرێت، بەشێکیان دەست بە جێبەجێکردنیان کراوە، کە لە بواری ئاو و ڕێگا ناوخۆیییەکانن.''
محەمەد باسی لەوەش کرد: "جگە لەوەش ڕەزامەندی لەسەر بوودجەیەکی دیکە دراوە لەسەر بوودجەی گەشەپێدانی پارێزگاکان کە ئەویش تەرخانکردنی ١١ ملیار و ٣٥٧ ملیۆن دینار و بڕیارە ٥٠ پڕۆژەی نوێی پێ جێبەجێ بکرێت، کە پڕۆژەی جۆراوجۆرن و ئەم جارە پارەکە بەسەر ھەموو کەرتەکاندا دابەش کراوە؛ کەرتی وەرزش و لاوان و کشتوکاڵ و ھەموو کەرتەکانی دیکە و ھاوسەنگییەکمان دروست کردووە لە جێبەجێ کردنی پڕۆژەکاندا."
گوتیشی: "ڕەزامەندی لەسەر بوودجەیەکی دیکە دراوە، ئەویش چوار ملیار و ٣٧ ملیۆن دینارە و بەو پارەیەش ١٥ پڕۆژەی دیکە جێبەجێ دەکرێت، بۆیە ئێستا لە ھەموو ناوچەکانی زاخۆ پڕۆژە جێبەجێ دەکرێت و جووڵەیەکی باش لە پڕۆژەکان کەوتووەتە زاخۆ و کاری بەردەوام دەکرێت".
بڵند ئیبراھیم




