٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

زاخۆ.. زیاتر لە ٢٠ شوێنی گەشتیاری داخراون

سەرچاوە: KDP.info

زاخۆ-KDP.info- بە ھۆی مەترسییەكانی پەكەكە و ئاڵۆزیی رەوشی ئەمنیی ناوچەكەیان، زیاتر لە ٢٠ شوێنی گەشتیاری لە سنووری قەزای زاخۆ داخراون، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دھۆكیش دەڵێ، شەڕی پەكەكە و توركیا زیانی بە كەرتی گەشتیاری گەیاندووە.

د. خەیری عەلی، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری دھۆك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، بە ھۆی شەڕی نێوان چەكدارانی پەكەكە و سوپای توركیاوە، گەشتیاران ناتوانن سەردانی شوێنە گەشتیارییەكانی سنووری پارێزگای دھۆك بكەن و تەنیا لە سنووری قەزای زاخۆش زیاتر لە ٢٠ شوێنی گەشتیاری داخراون و لە ئێستادا ھیچ گەشتیارێك سەردانیان ناكات.

بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دھۆك دەشڵێت، ئەو شوێنانە ئەگەر پەكەكەشی تێدا نەبێت، بەڵام نزیكە لەو ناوچانەی بوونەتە مەیدانی شەڕی نێوان پەكەكە و توركیا، بۆیە گەشتیار ناتوانن سەردانی ئەو شوێنە گەشتیارییانە بكەن و مەترسییان لەسەرە.

ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "پەكەكە زیانی گەورەی بە كەرتی گەشتیاری گەیاندووە و ئەمساڵیش بە ھۆی ئاڵۆزیی رەوشی ئەمنیی ناوچەكەوە، پشكی شێری زیانەكان بەر كەرتی گەشتیاری كەوتوون، بەڵام ئێمە ھەمیشە لە ھەوڵداین بۆ ئاساییبوونەوەی رەوشی ئەو ناوچانە و دەمانەوێ كارئاسانی بكەین تا گەشتیاران دووبارە بگەڕێنەوە ئەو شوێنە گەشتیارییانە".

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار